رووداو دیجیتاڵ
لە 13ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداودا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی و ستافی رووداو دەکات و دەڵێ، رووداو جێپەنجەی لە چەسپاندنی میدیای بەرپرسیاردا دیارە.
رۆژی هەینی، 29ی ئایاری 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پەیامێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو و کارمەندانی تۆڕەکەی کردووە، وێڕای پیرۆزبایی، ستایشی "رۆڵی پیشەییانە و بابەتییانە"ی رووداوی کرد لە گواستنەوەی هەواڵ و رووداوەکاندا.
ئەعرەجی دەڵێ: "بەبۆنەی 13ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداو، گەرمترین پیرۆزبایی و پێزانینی خۆمان ئاراستە دەکەین، وەک رێزێک بۆ ئەو رۆڵە پیشەییە رەسەنەی رووداو و ئەو بەشداریکردنە دیارەی لە چەسپاندنی میدیای بەرپرسیار و گواستنەوەی رووداوەکان بە پیشەییبوون و بابەتیبوونی بەرزەوە هەیەتی."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، تۆڕی میدیایی رووداو لە ماوەی کارکردنیدا توانیویەتی پێگەی خۆی وەک "یەکێک لە دامەزراوە میدیاییە پێشەنگەکان" جێگیر بکات، ئەویش "لە رێگەی پابەندبوونی بە پێوەرە پیشەییەکان و پێشکێشکردنی نێوەڕۆکێکی هاوسەنگ کە لەگەڵ پرس و گۆڕانکارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەگونجێت."
قاسم ئەعرەجی وێڕای بەرزنرخاندنی مێژووی کارکردنی رووداو، هیوای سەرکەوتنی بەردەوام و "گەشانەوەی زیاتر"ی بۆ تۆڕەکە خواستووە لە ئەنجامدانی پەیامە میدیایی و نیشتمانییەکەی.
تۆڕی میدیایی رووداو لە 29ی ئایاری 2013دا وەک تۆڕێکی میدیایی بە تەلەڤزیۆن، رادیۆ و پۆرتاڵ دەستی بە پەخش کرد.
پێش ئەوەی وەک تۆڕێکی میدیایی دەستبەکاربێت، رووداو لە دوو هەفتەنامەی چاپکراو پێکهاتبوو؛ وەشانێکی سیاسی و گشتی کە ژمارەی یەکەمی لە 5ی نیسانی 2008 و وەشانێکی وەرزشیش کە 4ی حوزەیرانی هەمان ساڵ یەکەمین ژمارەی دەرکرد. وەک روانگەی رووداو بۆ رۆیشتن لەگەڵ تەوژمی داهێنانی دیجیتاڵیی جیهان و لابردنی کاخەز بۆ پاراستنی ژینگە، وەرزشییەکە بە دەرکردنی ژمارە 530 لە یەکی کانوونی دووەمی 2019 و گشتییەکە بە ژمارەی 593 لە 24ی شوباتی 2020 وەستێنران.
تۆڕی میدیایی رووداو هەوڵی داوە سوود لە نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی بواری راگەیاندن وەربگرێ بۆ ئەوەی لە جیهانێکی پێشکەوتوودا بەردەوام لە نزیک وەرگرەکەی بمێنێتەوە. لە تەلەڤزیۆن بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی سەروو و خواروو پەخش دەکات و لە پۆرتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە عەرەبی، ئینگلیزی و تورکیش هەواڵ و بەرهەمەکانی دەگەیێنێت.
ئەم تۆڕە کوردستانییە فرە زمانە دەیان خەڵاتی جیهانی و نێوخۆیی بەدەستهێناوە؛ بەهۆی پیشەیی، لێهاتوویی و متمانەیەوە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەواڵ لە بارەی رووداو و پێشهاتەکانی کوردستان و ناوچەکە بۆ کەناڵ و ئاژانسە هەواڵییە هەرە دیارەکانی جیهان، دیارترینیان ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، تۆڕی هەواڵی ئەورووپی ئینێکس.
