رووداو دیجیتاڵ دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی، بەشێک لە لایەنەکان بە گەشبینییەوە دەڕواننە قۆناخی داهاتووی هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی جەخت لە ئامادەیی هەمیشەی حیزبەکەی بۆ گفتوگۆ دەکاتەوە و یەکگرتووش پێی وایە "بۆ پاراستنی دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان" دەبێت کورد نێوماڵی خۆی رێکبخاتەوە. سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامی جەژنی قورباندا، بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد واز لە "خۆخۆری" بهێنن و دوای جەژن بەیەکەوە دابنیشن. ئەم پەیامە کاردانەوەی خێرای لایەنەکانی لێکەوتەوە و وەک "دەرچەیەک" بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەبینرێت. پۆڵا تاڵەبانی: یەکێتی هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێتی هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، هەمیشەش گفتوگۆی پێباشە و بە باشترین رێگەی دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەم دۆخە چەقبەستووە." پۆڵا تاڵەبانی ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بە دوور زانی و گوتی، "کاراکردنەوەی پەرلەمان باشترین و گونجاوترین رێگەیە و دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر چۆنییەتی کاراکردنەوەکەی رێکبکەون." "رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان" دارا سێکانیانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئێمە پێمانوایە بارودۆخە وادەخوازێ پەرلەمان کارابکرێتەوە و حکومەت پێکبهێنرێ. دەبێت کورد ناوماڵی خۆی رێکبخات بۆئەوەی ئەو دەستکەوتانەی کە هەن لەدەست نەچن." گوتیشی، "هەر هەوڵێک بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بێت جێگەی دەستخۆشییە." ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، "یەکگرتوو هەنگاوی نزیکردنەوەی دیدگەکانی ناوە و چاوەڕوانی ئەوەین بزانین ئەوان (یەکێتی و پارتی)، وەڵامی فەرمییان چی دەبێت." کۆمەڵ و رەوتی هەڵوێست؛ چاوەڕوانی و ویست بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری، وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکان رایگەیاند، ئەوان وەک کۆمەڵی دادگەری دوای جەژن کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر بەشداری کردن یان نەکردن لەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوانە بدەن. شوان رابەر، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری بە رووداوی گوت، "لەبەر ئەوەی لە ئایینی ئیسلامدا، بنەمای سیاسەت و حوكمڕانیكردن و كۆمەڵگەی مەدەنی، ئاشتی، وڵاتپارێزی، پێكەوەژیان و حوكمڕانی راستەقینەیە، بۆیە پێویستە هەمیشە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، بەتایبەتی لایەنە سیاسییەكان لەپێناو گەل و نیشتماندا لەگەڵ یەکدیدا تەبا بن." بەبڕوای شوان رابەر، تەبابوونی لایەنە سیاسییەکان بە "پرس و راگۆڕینەوە و كۆبوونەوەوە" بەدی دێت، بۆ ئەوەی "ناكۆكی نێوانیان و كێشەكانی خەڵک چارەسەر بكەن و مافی خەڵک دابین بكەن." هەروەها رێبوار كەریم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی گوت، "ئێمە بەلامانەوە گرنگە پەرلەمان کارا بکرێتەوە بۆئەوەی لەڕێگەیەوە چاودێریی کارەکانی حکومەت بکەین." رێبوار كەریم گوتیشی، "ئێمە گرنگی بە بابەتی پێکهێنانی حکومەت نادەین، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کاراکردنەوەی پەرلەمانە." دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، رکابەرییەکی تووند لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەبوو بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان. لەو هەڵبژاردنەدا، پارتی وەک هێزی یەکەم مایەوە و 39 کورسی بەدەستهێنا، هەروەها یەکێتیی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو حەوت کورسی، رەوتی هەڵوێست لە یەکەم بەشدارییدا وەک هێزێکی نوێ چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەریش سێ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. ئەو هەڵبژاردنە دوای چەندین جار دواخستن و گۆڕانکاریی لە یاسای هەڵبژاردن و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ سەر چوار بازنە لەلایەن دادگای فیدراڵیی عێراقەوە بەڕێوەچوو. دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە بوونە هۆی ئەوەی هیچ لایەنێک نەتوانێت بەبێ هاوپەیمانێتی حکومەت پێکبهێنێت، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم و کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستی بە گفتوگۆی چڕ و رێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بێت.