رووداو دیجیتاڵ
دوای بەدواداچوونی رووداو بۆ گرتەیەکی ڤیدیۆیی تێیدا پۆلیسێک لە خورماتوو زلـلە لە کەسێک دەدات، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنی پۆلیسەکەی دا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا بڕیاریدا کارمەندێکی پۆلیسی سەلاحەدین لە قەزای خورماتوو دەستگیر بکرێت و ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە لە سەری پێکبهێنرێ، ئەوەش دوای ئەوەی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا هێرشی کردبووە سەر هاووڵاتییەک.
رووداوەکە لە دەروازەی باشووری قەزای خورماتوو بووە؛ لە کاتی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلدا، پۆلیسێک وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، زلـلە لە یەکێک لە شۆفێرەکان دەدات. بەگوتەی شایەتحاڵەکان بۆ رووداو، ئەو پۆلیسە خزمی لایەنی بەرامبەری شۆفێرەکە بووە.
عەقید دکتۆر محەممەد عەلی حەسوون، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ کاردەکات بۆ پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە ئەمنی و مرۆییەکان بە هاووڵاتییان؛ ئامانجی باڵای ئێمە پاراستنی هاووڵاتی و رێگریکردنە لە هەر جۆرە پێشێلکاری و بێڕێزییەک بە هەر شێوەیەک بێت."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتییان دەبێت "بەپێی ئەو چوارچێوە و رێکارە یاساییانە بێت کە لە وەزارەتدا پەیڕەو دەکرێن."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، بریکاری باڵای وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە وەزارەت هەر جۆرە رەفتارێکی نەشیاو یان دەستدرێژیکردنە سەر هاووڵاتییان رەتدەکاتەوە و ئەو جۆرە رەفتارانە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەها و بنەماکانی وەزارەتەوە نییە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت: "دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، کەرامەتیان و چەسپاندنی یاسا بە دادپەروەری دامەزراون."