رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ئەم ساڵدا و 256 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون و بەهۆی نەشیاوییان بۆ خواردن، 318 کیلۆگرام گۆشتیش رەتکراونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، هەڵمەت هەمزە، ئاماری یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی راگەیاند و گوتی، "تاوەکو کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، 34 ئاژەڵی گەورە و 222 ئاژەڵی بچووک لە کوشتارگەکەمان سەربڕدراون."
هەڵمەت هەمزە گوتی، پشکنینە تەندروستییەکان بەردەوامن و تەنیا لە چەند کاژێری یەکەمی جەژنی ئەم ساڵدا، 318 کیلۆگرام گۆشت بەهۆی دەرنەچوون لە پشکنینەکان رەتکراونەتەوە و رێگە نەدراوە بخرێنە بازاڕەوە.
بەپێی ئامارەکانی کوشتارگەی هەولێر، پرۆسەی قوربانی لە هەولێر لە ساڵانی رابردوودا گەشەی کردووە. لە ساڵی 2024ـدا لە هەر چوار رۆژی جەژندا کۆی گشتی 873 ئاژەڵ سەربڕدرابوون، بەڵام لە ساڵی 2025ـدا ئەو ژمارەیە بەرزبووەوە بۆ هەزار و 361 ئاژەڵ.
بەراوردی ئامارەکانی کوشتارگەی هەولێر لە سێ ساڵی رابردوودا:
- ساڵی 2024 (کۆی 4 رۆژ): 873 ئاژەڵ سەربڕدران (201 گەورە، 672 بچووک). 1649 کیلۆگرام گۆشت رەتکرایەوە.
- ساڵی 2025 (کۆی 4 رۆژ): 1461 ئاژەڵ سەربڕدران (270 گەورە، 1191 بچووک). 2,279 کیلۆگرام گۆشت رەتکرایەوە.
- ساڵی 2026 (تەنیا رۆژی یەکەم تاوەکو کاژێر 03:00): 256 ئاژەڵ سەربڕدراون (34 گەورە، 222 بچووک). 318 کیلۆگرام گۆشت رەتکرایەوە.
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر باسی لەوەشکرد، کە تیمەکانیان لە کاردان بۆ ئەوەی پرۆسەی قوربانیکردن بە شێوەیەکی تەندروست و لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە. بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام، لە دوای نوێژی جەژنەوە، موسڵمانان دەتوانن قوربانیی بکەن تاوەکو ئێوارەی چوارەم رۆژی جەژن.
