رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی نیسان گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەتەکە و رۆژی پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی نیسان (4) خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) خەریکی تەواوکردنی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانە بۆ دابەشکردنی پارەکە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردراوە "رۆژی پێنجشەممە، رێککەوتی 4ـی حوزەیرانی 2026، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە بکرێت."
پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "دوێنێ یەکشەممە، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانانمان بۆ مانگی نیسان تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و رێکارەکان لای ئێمە تەواو بوون."
هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان وەک پشتیوانییەک بۆ پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکرێ. ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی 26ی نیسانی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە هاوکاریی مانگی سێی دابەش کردبوو، دوای ئەوەی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی تەواوکران.
بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، بەدیجیتاڵکردنی هاوکارییەکە پێشچوونی گەورەی بەخۆوە بینیوە؛ زیاتر لە 97%ی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە لە رێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە هاوکارییەکانیان وەردەگرن.

