رووداو دیجیتاڵ بەبۆنەی 13ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداو، رێکخراوی نووسەرانی بێ سنوور - رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرایەتی و تەواوی ستافی تۆڕەکە دەکات و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازێت. دکتۆر قەیس رەزوانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی رێکخراوی نووسەرانی بێ سنوور، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا رایدەگەیێنێت، رووداو لە ماوەی 13 ساڵی کارکردنیدا توانیویەتی پێگەی خۆی وەک یەکێک لە دیارترین دامەزراوە میدیاییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا بچەسپێنێت. ئەو جەختی کردەوە کە ئەمە لە رێگەی پابەندبوونی بە پێوەرە پیشەییەکان و پەرۆشی بۆ پێشکەشکردنی ناوەڕۆکێکی میدیایی هاوسەنگ بەدەست هاتووە. لە پەیامەکەدا هاتووە: "رووداو رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە چەسپاندنی کلتووری گفتوگۆ و گواستنەوەی زانیاری بە شێوەیەکی پیشەیی و بەرپرسارانە." دکتۆر قەیس ئاماژەی بەوەش کردووە کە هاوتەریببوونی بەردەوامی ئەم دامەزراوەیە لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنیکییەکاندا، بووەتە هۆی بەهێزکردنی متمانەی جەماوەرەکەی و فراوانکردنی ئامادەیی و کاریگەرییەکەی لەسەر ئاستی ناوچەکە، بە جۆرێک کە چیدیکە ناکرێت رۆڵی لە گۆڕەپانی میدیاییدا نادیدە بگرێت. تۆڕی میدیایی رووداو لە 29ی ئایاری 2013دا وەک تۆڕێکی میدیایی بە تەلەڤزیۆن، رادیۆ و پۆرتاڵ دەستی بە پەخش کرد و لە ماوەیەکی کورتدا توانی ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی و جێی متمانەی هەواڵ لەسەر ئاستی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و، گەیشتووەتە لووتکەی دامەزراوە میدیاییەکانی ناوچەکە.