رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵی، ئەم ساڵ هەزار و 700 هێکتار زەویی کشتوکاڵیی پارێزگاکە بە پەتاتە چێندراوە و پێشبینیش دەکات 60 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم بهێندرێ.
محەممەدڕەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ی ئایاری 2026، بە میدیای ئێرانی راگەیاند، ئەم ساڵ هەزار و 700 هێکتار زەوی بۆ چاندنی پەتاتە تەرخانکراوە.
محەممەدڕەزا ئەسغەری ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 85٪ـی قۆناخەکانی چاندن و هەڵگرتنەوەی پەتاتە لە پارێزگاکە بە ئامێر دەکرێ.
ئەسغەری لەبارەی سیستمی ئاودێرییەوە رایگەیاند: "لە زیاتر لە 80٪ـی کێڵگەکانی پەتاتەی پارێزگاکەدا سیستمی ئاودێریی مۆدێرن جێبەجێکراوە؛" ئاماژەی بەوەشکرد: "تێکڕا لە هەر هێکتارێکدا نزیکەی 35 تۆن پەتاتەی باش بەرهەم دەهێندرێ، ئەمەش توانای بەرزی پارێزگاکە لە بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمەدا نیشان دەدات."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ گوتی، سنووری شارەکانی چاڵدێران، میاندواو، سایەنقەڵا، بۆکان، نەغەدە و ورمێ بە گرنگترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی پەتاتە لەو پارێزگایە دادەنرێن.
پارێزگای ورمێ ساڵانە نزیکەی 6.7 بۆ 6.8 ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی و باخداری بەرهەم دەهێنێت. ئەمەش ئەو پارێزگایەی کردووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی کشتوکاڵ و باخ لە ئێران.
