رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، سوپرایزێکی گەورەی لەبارەی ناسنامەی راهێنەری داهاتووی یانە شاهانەکە و گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ قەڵای سپی دەتەقێنێتەوە و مەرجی درەوشانەوەی ئەستێرەکانی ریال مەدریدیش ئاشکرا دەکات.
لە کاتێکدا هەموو راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی دەبێتە جێگرەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا، بەڵام سەرۆکی مەدرید لە نوێترین دەرکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی TVE، گومانی خستە سەر هەموو پێشبینییەکان.
مۆرینیۆ یان ناوێکی دیکە؟
پێرێز لەبارەی گەڕانەوەی مۆرینیۆ گوتی "بەدڵنیاییەوە بیر لە راهێنەری نوێ دەکەمەوە، ناوێک یان دوو ناوم لە مێشکدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ قسەیەکم لەگەڵ مۆرینیۆ نەکردووە. ئەو راهێنەرێکی گەورەیە، بەڵام من هیچ شتێک راناگەیێنم". ئەم لێدوانەی پێرێز لە کاتێکدایە کە باس لەوە دەکرا تەنیا راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە نائاساییەکانی یانەکە ماوە بۆ ئەوەی مۆرینیۆ پۆستەکە وەربگرێت.
سێکوچکەی ترسناک و داهاتووی ڤینیسیۆس
سەرۆکی مێرێنگی لەبارەی مانەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر گوتی "نازانم ڤینی گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە یان نا، بەڵام وەک رای کەسیی خۆم، هیوادارم بمێنێتەوە، چونکە ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان".
پێرێز مەرجی درەوشانەوەی ئەستێرەکانی تیپی گالاکتیکۆسی نوێی'ئێمباپێ، ڤینیسیۆس، بێلینگهام، گولەر، ڤاڵڤێردی و چوامینی' بەستەوە بە هەبوونی راهێنەرێکی گەورە و گوتی "من هەمیشە باشترینەکان دەهێنمە یانەکە، ئەگەر ئەم یاریزانانە راهێنەرێکی باشیان هەبێت، قۆناخێکی زێڕین و مێژوویی لە ریال مەدرید دەنووسنەوە".
هێرش بۆ سەر ریکێڵمی
پێرێز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێرشی تووندی کردە سەر ئێنریکی ریکێڵمی، بەربژێری سەرۆکایەتی یانەکە و گوتی "وادیارە ئەو تەنیا بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکەی دەیەوێت یانەکە بەکاربهێنێت". هەروەها رەتیکردەوە هیچ دیبەیتێکی لەگەڵدا بکات و گوتی "ئەوانەی دەیانەوێت یانەکە تێکبدەن، هەمان ئەو کەسانەن کە پەیوەندییان بە سەردەمە تاریکەکەی رامۆن کالدیرۆنەوە هەبوو".
سەبارەت بە ئەنەس لگراریی مەغریبی، کە بەدەستە راستی پێرێز دادەنرێت، گوتی "دەڵێن دەیەوێت ببێتە سەرۆک، بەڵام ئەو تەنانەت مەرجی ساڵانی ئەندامێتیشی تێدا نییە. ئەو تەنیا لە بواری تەکنەلۆژیا هاوکارمانە و دەیەوێت خزمەت بکات".
بێرنابیۆی بێ کۆتایی؛ شۆڕشێکی نوێ لەگەڵ ئەپڵ
لە کۆتاییدا، پێرێز باسی لە پڕۆژە ستراتیژییەکەی سانتیاگو بێرنابیۆ کرد و رایگەیاند کە بە هاوکاری کۆمپانیای ئەپڵ، جیهانی تۆپی پێ دەگوازنەوە بۆ رەهەندێکی دیکە. هاندەران لە هەر شوێنێکی جیهان بن، لەڕێگەی چاویلکەی زیرەکەوە دەتوانن وا هەست بکەن کە لە ناو جەرگەی یاریگەی بێرنابیۆدان، ئەمەش وەک بەشێک لە پڕۆژەی گۆڕینی ریال مەدرید بۆ یانەیەکی مۆدێرن و تەکنەلۆژی.
