رووداو دیجیتاڵ
یانەیەکی گەورەی سعودی هەوڵی رازیکردنی محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسری دەدات و پرسیار ئەوەیە ئایا ئەستێرەی پێشووی اینەی لیڤەرپوول وەڵامی دەبێت؟.
ناوی محەممەد سەڵاح جارێکی دیکە گەڕایەوە سەرووی مانشێتەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، ئەمەش دوای ئەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیتاڵی ئاشکرایکرد کە یانەیەکی گەورەی سعودی لە گفتوگۆدایە بۆ رازیکردنی کاپتنی هەڵبژاردەی میسر تاوەکو لە ماوەی داهاتوودا پەیوەندی بە خولی رۆشنەوە بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسی ئیتاڵی، جیانلویجی لۆنگاری لە تۆڕی سپۆرت ئیتاڵیا، یانەی ئیتیحادی سعودی دەستەوارەیەکی گەورە ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ئەستێرە میسرییەکە بۆ پڕۆژە نوێیەکەی رابکێشێت. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ئارەزووە کۆنەی کە دوو هاوین لەمەوبەر هەیبوو، کاتێک سەڵاح نزیک بوو لەوەی بۆ یەکەمجار تاقیکردنەوەی یاریکردن لە سعودیە ئەنجام بدات.
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە سەڵاح لە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەی کاروانی وەرزشیدایە، دوای ئەوەی لەم دواییانەدا کۆتایی بە گەشتە مێژووییەکەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی هێنا، کە 9 ساڵی خایاند. لەو ماوەیەدا سەڵاح چەندین نازناوی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی بەدەستهێنا و بووە یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی ئەو یانە ئینگلیزییە.
ئێستا ئەستێرە میسرییەکە خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی میسر ئامادە دەکات، دوای ئەوەی تیروپشکەکە میسرییەکانی خستە کۆمەڵەیەکەوە کە هەریەک لە ەلجیکا، نیوزلەندا و ئێران لەخۆدەگرێت، بڕیاریشە پاڵەوانێتییەکە لە 11ـی حوزەیرانی داهاتوو دەستپێبکات.
سەڵاح دەرگای بەڕووی هەموو ئەگەرەکاندا کردووەتەوە سەبارەت بە داهاتووی؛ لە لێدوانێکیدا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر دای، ئاماژەی بەوەکرد کە بڕیاری کۆتایی لەسەر وێستگەی داهاتووی دوادەخات بۆ دوای مۆندیال، مەگەر ئەوەی پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە دەستەوارەیەکی گونجاوی پێبگات.
کاپتنی هەڵبژاردەی میسر هەروەها گوتی "هەموو ئەو شتانەم لەگەڵ لیڤەرپوول بەدیهێنا کە خەونم پێوە دەبینی"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە شانازی بەو ساڵانە دەکات کە لەگەڵ یانەکەدا بەسەری برد و گوتیشی "رۆیشتنی لەڕووی دەروونییەوە زۆر قورس بووە بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکەی بەو شار و یانەیەوە".
لە کۆتاییدا، هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا ناوی محەممەد سەڵاح بە چەندین یانەی سعودی، تورکی و ئیتاڵییەوە بەسترابووەوە، بەڵام هاتنە پێشەوەی یانەی ئیتیحاد بەم هێزەوە، لەوانەیە جارێکی دیکە دۆسێیەی گواستنەوەی بۆ خولی سعودی بەجددیتر بکاتەوە.

