رووداو دیجیتاڵ
هەولێر لە گەڕی 37ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتنێکی گرنگی تۆمارکرد و لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2-1 لە زاخۆی بردەوە.
هەولێر لە نێو یاریگای زاخۆدا رووبەڕووی یانەی خاوەن ماڵ بووەوە. یانەی میوان زوو دەستی بە هێرشەکانی کرد و لە خولەکی 10 کریستیان بارکۆ لە هەڵەیەکی هێڵی بەرگری زاخۆ گۆڵی یەکەمی بۆ هەولێر تۆمارکرد و لەسەر شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا. نیوەی یەکەمی یارییەکە بە پێشکەوتنی هەولێر کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا، هەر زوو کریستیان بارکۆ لە خولەکی 62 بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و ئەمجارەیان لەسەر شێوازی کۆڵ پاڵمەر، یاریزانی چێڵسی ئاهەنگی گێڕا، زاخۆ گوشارەکانی بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە دەستپێکرد. لە خولەکی 73 ئەمجەد عەتوان بە ئاسیستی هادی ساڵح گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، سەرەڕای هەوڵەکانی زاخۆ لە دوا خولەکەکان، بەڵام یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی هەولێر کۆتاییهات.
بەم سەرکەوتنە، یانەی هەولێر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 76 خاڵ. یانەکە تا دوایین گەڕی خولەکە ململانێی بەدەستهێنانی پلەی دووەمی ریزبەندی دەکات بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەکی چامپیۆنزلیگی ئاسیا دوو. یانەی زاخۆ دوای ئەم یارییە بە 53 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەدا دێت.
