رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە یانەی چێڵسی نرخی رێگەدان بەڕۆیشتنی ئینزۆ فێرناندێزی لە یانەکە دیارییکردووە، پاشئەوەی چەندین یانە، ویستی خۆیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی ئاشكراکرد.
ئینزۆ کە ساڵی 2023 لە بێنفیکاوە پەیوەندی بەچێڵسییەوە کرد و تاوەکو 2032 گرێبەستی لەگەڵ یانەکە هەیە، لەماوەی رابردوودا ناوی بەچەندین یانەوە بەسترایەوە، دیارترینیان ریال مەدریدی ئیسپانی بوو.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، ئینزۆ بەبەرپرسانی یانە لەندەنییەکەی راگەیاندووە دەیەوێت لە هاوینی ئەمساڵدا لە یانەکە بڕوات.
ویستی ئینزۆ بۆ بەجێهێشتنی بلووز ئەوکاتە زیاتربوو، کە یانەکە سەرکەوتنی بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو لەدەستدا.
چێڵسی دەستنیشانکردنی چابی ئەلۆنسۆی بە راهێنەری داهاتووی یانەکە راگەیاندووە، پاشئەوەی وەرزێکی خراپی پڕ لە کێشە و گرفت و دوورخستنەوەی راهێنەران بەڕێکرد.
یانەی چێڵسی، وەکئەوەی میدیاکان باسی دەکەن، ئەگەرچی نایەوێت ئەو ناوەڕاستکارە ئەرجەنتینییە درەوشاوەیەی لەدەست بچێت، بەڵام بەتەواوی رۆیشتنی رەتناکاتەوە، ئەگەر دەستەوارەیەکی لە سنووری 120 ملیۆن یۆرۆدا پێ بگات.
میدیاکان دەڵێن، ئینزۆ لەسەر رۆیشتن سوورە، تاوەکو ئێستاش باسوخواسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نەکردووە.
وەک ئەو سەرچاوانە گوتوویانە، دوای شکستی چێڵسی لە دوایین یاریی وەرزی ئەمساڵی خۆیدا بەرامبەر سەندەرلاند لە پرێمەرلیگ، ئەو یاریزانە بەشێوەک ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکە کردووە، وەکئەویە ماڵئاوایی یەکجاریی بێت.
چێڵسی دەیەوێت زوو چارەنووسی کاپتنی دووەمی تیپەکەی یەکلایی بکاتەوە، بۆ ئەوەی سەقامگیریی زیاتر بۆ ئەلۆنسۆ دابین بکات، کە پێشبینیکراوە لە هەفتەکانی داهاتوودا مەشقدانی یانەکە دەستپێبکات.
ئینزۆی 25 ساڵان، بەشداریی لە 169 یاریی لەگەڵ چێڵسی کردووە، 31 گۆڵی تۆمارکردووە و 30 ئەسیستی هەیە.

