رووداو دیجیتاڵ
رێبین سۆلاقا، بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕەکانی بازاڕی گواستنەوەکان بە دووەم هەرزانترین یاریزانی مۆندیال دێت، بەپێی ئامارە نوێیەکان بەهای بازاڕیی ئەم یاریزانە تەمەن 34 ساڵە تەنیا 100 هەزار دۆلارە.
ئامارەکانی ماڵپەڕێکی جیهانی تایبەت بە نرخی یاریزانان دەریدەخەن، رێبین سۆلاقا کۆی 1,248 یاریزانی بەشداربووی جامی جیهانیدا، لە پلەی دووەمی هەرزانترین یاریزانەکاندایە. ئەم بەرگریکارە خاوەن ئەزموونەی عێراق نرخەکەی تەنیا 100 هەزار دۆلارە.
لە پلەی یەکەمی لیستی هەرزانترین یاریزانانی پاڵەوانێتییەکەدا، ستۆپیرای بەرگریکاری هەڵبژاردەی کەیپ ڤێردی دەبینرێت، تەمەنی 38 ساڵە و بەهای بازاڕییەکەی تەنیا 50 هەزار دۆلارە. سۆلاقا راستەوخۆ لە دوای ئەو یاریزانە وەک دووەم یاریزان لە لیستەکەدا هاتووە.
سەرەڕای ئەم ئامارە داراییانە، شارەزایانی وەرزشی پێیانوایە ئەزموون و ئامادەیی نێو یاریگە گرنگیی راستەقینەی یاریزانان دیاری دەکەن و نرخەکان نابنە رێگر لەبەردەم پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز.
رێبین سۆلاقا یەکێکە لەو یاریزانانەی ماوەیەکی زۆرە لە هێڵی بەرگریی هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەکات و لە چەندین یانەی وڵاتە جیاوازەکاندا یاریی کردووە.



