رووداو دیجیتاڵ
لە سێ رۆژی یەکەمی کردنەوەی سایلۆکانی کەرکووکدا، 41 هەزار تۆن گەنمی ناو پلانی کشتوکاڵی وەرگیراوە. جارێکی دیکە تۆمارکردنی سەرە بۆ رادەستکردنی ئەو بەرهەمە دەکرێتەوە.
حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە سێ رۆژی یەکەمی کردنەوەی دەرگای هەر چوار سایلۆکەی کەرکووک، 41 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، کە سەرجەمیان بەرهەمی ناو پلانی کشتوکاڵی بوون."
لە یەکی حوزەیرانەوە رادەستکردنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک لە رێگەی سایلۆکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانییەوە دەستیپێکرد، پاش ئەوەی لە رێگەی بەستەرێکی ئەلیکترۆنییەوە جووتیاران سەرەی رادەستکردنەکەیان تۆمار کرد.
حەسەن حەمدی رایگەیاند: "شەممە 6ی حوزەیران جارێکی دیکە بەستەری ئەلیکترۆنیی تایبەت بە تۆمارکردنی سەرەی رادەستکردنی گەنم دەکرێتەوە، کە بەر لە رۆژى رادەستکردنى گەنم داخرابوو."
بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، نزیکەی 410 هەزار دۆنم گەنمی کەرکووک لەنێو پلانی کشتوکاڵیدایە، کە هەر تۆنێکی گەنمەکەی بە 750 هەزار دینار وەردەگیرێ.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "دوو هەنگاو نراوە بۆ ئاسانکاری بۆ جووتیاران لە رادەستکردنی گەنمەکانیان؛ یەکەمیان زیادکردنی ئەو بارەهەڵگرانەیە کە لەبەردەم سایلۆکان رۆژانە سەرە دەگرن، کە لە 40 بارهەڵگرەوە دەکرێنە 100 بارهەڵگر، ئەوی دیکەیان ئەوەیە هەر جووتیارێک کە سەرەی رادەستکردنی گەنمی لە رۆژێکى دیاریکراو بۆ دەستنیشانکراوە، تاوەکو هەفتەیەک دەرفەتی دەبێت بۆ رادەستکردنی گەنمەکەى"
لە سەرانسەری عێراق زیاتر لە چوار ملیۆن دۆنم زەوی خراوەتە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، سایلۆکانى کەرکووک تواناى هەڵگرتنی 500 هەزار تۆن گەنمیان هەیە.




