رووداو دیجیتاڵ
لە 3 رۆژی جەژنی قورباندا، لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 36 رووداوی جۆراوجۆری ئاگرکەوتنەوە و خنکان تۆمارکراون. بەپێی ئامارەکان، زۆربەی رووداوەکان ئاگرکەوتنەوە بوون و تەنیا یەک گیانلەدەستدان بەهۆی خنکانەوە لە سلێمانی هەبووە.
رۆژی شەممە، 30ـی ئایاری 2026، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 3 رۆژی جەژندا 11 رووداو هەبوون، هەموویان ئاگرکەوتنەوە و سووتان بوون و هیچ رووداوێکی خنکانمان نەبووە."
شاخەوان سەعید دەڵێت: "ئاگرکەوتنەوەکان جۆراوجۆر بوون؛ یەکێکیان ئۆتۆمبێل بووە و ئەوانی دیکە ماڵ، پووش و پەڵاش و دووکان، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە."
لە پارێزگای دهۆکیش چەند رووداوێک تۆمارکراون. بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "لە هەر 3 رۆژی جەژندا 5 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، 2 لەوانە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، ئەوانی دیکەش یەکێکیان ماڵ بووە، یەکیان لە لای قوتابخانەیەک و ئەوەی دیکەش لە گوندێک بووە."
بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز، هەموویان تەنیا زیانی مادییان هەبووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
لە سلێمانی کەسێک خنکاوە. ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "لە سلێمانی لە 3 رۆژی جەژندا 4 رووداو هەبوون؛ یەکێکیان خنکانی کەسێک بووە، 3 رووداوەکەی دیکەش ئاگرکەوتنەوە بوون کە یەکێکیان ئۆتۆمبێل و دوو دیکە پووش و پەڵاش بوون."
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، لە سنووری پارێزگاکەیان لە ماوەی 3 رۆژی جەژندا "16 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون، دانەیەکیان ئۆتۆمبێل بووە و هیچ حاڵەتێکی خنکان تۆمار نەکراوە."
.jpg&w=3840&q=75)