رووداو دیجیتاڵ لە ماوەی 4 رۆژی جەژنی قورباندا، لە سنووری پارێزگای هەولێر 890 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی کۆکراوەتەوە. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێریش دەڵێت، "ئەم ساڵ خەڵک زۆر باشتر پابەندبوون، بەڵام بەهۆی سەرپێچییەوە دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێلدا گیراوە." رۆژی شەممە، 30ـی ئایاری 2026، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەر 4 رۆژی جەژندا، تیمەکانمان توانیویانە 890 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی کۆبکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێشوەختە 22 شوێنی جیاواز بۆ فڕێدانی پاشماوەکان دیاریکرابوون." لەبارەی پابەندیی هاونیشتمانییان، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: "خەڵکێکی زۆر ئەم ساڵ زۆر باشتر پابەندی رێنماییەکان بوون و پاشماوەکانیان لەو شوێنانە فڕێداوە کە بۆیان دیاریکرابوو، ئەمەش هاوکارییەکی گەورە بوو بۆ تیمەکانی شارەوانی و ژینگە." لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی خەڵک پابەندبوون، بەڵام هێشتا هەندێک حاڵەتی سەرپێچی تۆمارکراون. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر گوتی: "هەندێک کەس پابەند نەبوون و پاشماوەکانیان لە شوێنی دیکە و نەشیاو فڕێدابوو. تیمەکانمان دوو ئۆتۆمبێلیان گرتووە کە پاشماوەی قوربانییان لە شوێنی نەشیاو فڕێداوە." لەبارەی ئەو کەسانەی سەرپێچییان کردووە، ژیار جەلار گوتی، رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و "ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانمان لایە، لەگەڵ کردنەوەی دەوامی فەرمی، نووسراوی پێویست ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو ئۆتۆمبێلە." بەگوێرەی ئاماری سەربڕخانەکان بۆ رووداو، لە سێ رۆژی جەژندا لە شاری هەولێر هەزار و 104 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون؛ لە پارێزگای هەڵەبجە 543 سەر و لە کەرکووک 200 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراون. هەروەها لە سلێمانی 680 ئاژەڵ بۆ قوربانیی سەربڕدراوە. 27ـی ئایار، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو. بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام، لە دوای نوێژی جەژنەوە، موسڵمانان دەتوانن قوربانیی بکەن تاوەکو ئێوارەی چوارەم رۆژی جەژن.