رووداو دیجیتاڵ
لە چالاکییەکەدا لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا، (فیدراسیۆنی جیهانیی کورد) سێ کورتە فیلمی دەرهێنەرێکی کوردی پیشان دا، کە باس لە دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەکەن.
رێباز نەجم، سەرۆکی (فیدراسیۆنی جیهانیی کورد)، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سێ کورتە فیلمی دەرهێنەری کورد (شام جولی) لە چالاکییەکە پیشان دران، کە جگە لە کورد، میوانی ئەڵمانیش بینەری بوون".
سەرۆکی (فیدراسیۆنی جیهانیی کورد) ئاماژەی بە نێوەڕۆکی فیلمەکان کرد و گوتی، یەکێکیان تایبەت بوو بە ئازاردانی ژنانی رۆژئاوای کوردستان لایەن بەرپرسانی دەسەڵاتی بەعس. دووانەکەی دیکەش سەرنجیان لەسەر ئازاردانی هاونیشتمانییان بوو بە گشتی لە زیندانەکانی سووریا.
(فیدراسیۆنی جیهانیی کورد) نووسینگەی لە ئەڵمانیا، بەلجیکا و قوبرس هەیە؛ هەروەها لە هەرێمی کوردستان لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی نووسینگەی هەیە. وەک سەرۆکەکەی باسی دەکات، ئامانجیان "خزمەتکردنی زمان، کولتوور و مێژووی کورد و کوردستانە".
رێباز نەجم گوتی، کورتە فیلمەکان ژێرنووسی ئەڵمانی و ئینگلیزییان بۆ دانرابوو، بۆ ئەوەی ئامادەبووانی چالاکییەکە لە نێوەڕۆکەکەی بگەن.
"یەک دامەزراوە، یەک نیشتمان" دروشمی (فیدراسیۆنی جیهانیی کوردە) و وەک لە پێناسەی خۆیاندا هاتووە: "دامەزراوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی ناحکومییە".