رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی بەیروتی پایتەختی لوبنان راگرت، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنی لەو وڵاتەدا.
1ی حوزەیرانی 2026، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە، سەرجەم گەشتەکانی بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان راگرتووە. ئەو هەنگاوەش لە "پێناو پاراستنی گیانی گەشتیاران بووە".
راگرتنی ئەو گەشتانەی عێراق بۆ لوبنان هاوکات بوو لەگەڵ هۆشداریی سوپای ئیسرائیل بۆ باشووری بەیرووت بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە، هاوکات بارەگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر باشووری بەیرووت، "داوا لە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل دەکەین ماڵەکانیان چۆڵ بکەن".
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، رێکاری راگرتنی گەشتەکانیان بەگوێرەی بڕیار و رێکارەکانی تایبەت بە پاراستنى گەشتە ئاسمانییەکانە و هەرکات شانەی قەیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان رەزامەند بن، گەشتەکانیان دەستپێدەکاتەوە.
بەر لە راگرتنی گەشتەکان، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق رۆژانە دوو گەشتی بۆ لوبنان هەبوو.

