رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار رایدەگەیێنێت، ئاستی ئاوی رووباری فورات لە پارێزگاکە نزیکەی 70 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیش دەڵێت، چرکەیەک 700 مەتر سێجا ئاو لە سووریاوە دەگاتە عێراق و هیچ مەترسییەکی لافاو لە ئارادا نییە.
بەهۆی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە، ئاستی ئاوی رووباری فورات لەنێو خاکی سووریا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەشێک لە قەراخەکان ژێرئاو کەوتوون. رووبارەکە دوای سووریا، لە رێگەی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبارەوە دەچێتە نێو خاکی عێراق.
تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، رۆژی شەممە 30ی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاستی ئاوی رووباری فورات نزیکەی 70 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، بەڵام دۆخەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە و تاوەکو ئێستا هیچ مەترسییەک دروست نەبووە."
قایمقامی قائیم ئاماژەی بەوەش کرد، "رێکاری تووندی پێشوەختە گیراوەتەبەر و لەو شوێنانەی کە ئەگەری لافاویان لێدەکرێت یان زەوییەکانیان نزم و لاوازن، بەربەستی خۆڵیان بۆ دروستکراوە بۆ رێگری لە هەر رووداوێکی نەخوازراو".
موسەنا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رۆژی هەینی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ئامادەکارییەکان سەردانی بەنداوی حەدیسەی کردبوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: "ئەو بڕە ئاوەی ئێستا لە سنوورەکانەوە دەگاتە عێراق، 700 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، ئەمەش رێژەیەکی قبووڵکراوە و لە چوارچێوەی ئاستی ئاساییدایە."
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دووپاتی کردەوە، وەزارەتەکەی پلانی هەیە ئەم زیادبوونەی ئاو بقۆزێتەوە و گوتی: "هەوڵدەدەین بڕێکی باشی ئەم ئاوە لە بەنداوی حەدیسە کۆگا بکەین، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو کورتهێنانە گەورەیە بکەینەوە کە لە ساڵانی رابردوودا لە خەزێنی ئاوی وڵاتدا هەبووە."
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی فورات لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی زیادبوونی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوەکانی تورکیاوە، ناوچە گەشتیاری و کشتوکاڵییەکانی قەراخ رووبارەکە لە سووریا رووبەڕووی بەرزبوونەوەی کتوپڕی ئاستی ئاو ببوونەوە.
