رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دادی عێراق رایدەگەیێنێت، ژمارەی سزادراوان لە زیندانەکاندا 60 هەزار کەسی تێپەڕاندووە. ئاماژە بەوەش دەکات لە رێگەی پلانێکی سێ قۆناخییەوە کار بۆ کۆتاییهێنان بە قەرەباڵخیی نێو گرتووخانەکان دەکەن کە پێشتر 300%ی تێپەڕاندبوو. موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی شەممە، 30ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە سەرەتای وەرگرتنی ئەرکەکەیەوە دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی سێ قۆناخی کردووە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی گرتووخانەکان، کە لە هەندێک گرتووخانەدا رێژەی قەرەباڵخی گەیشتبووە زیاتر لە 300%. موراد ساعدی دەڵێت، لە قۆناخی یەکەمی پلانەکەدا کار کراوە بۆ فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی چەندین گرتووخانە، لەوانە؛ نۆژەنکردنەوەی گرتووخانەی بەلەدییات تایبەت بە ژنان، کردنەوەی سێ بەشی نوێ لە گرتووخانەی ئەبو غرێب، فراوانکردنی گرتووخانەی ناوەندیی عەمارە، کردنەوەی گرتووخانەی نەجەف و نۆژەنکردنەوە و خستنەگەڕی گرتووخانەی ناوەندیی چەمچەماڵ. بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، ئەو هەنگاوانە بوونەتە هۆی ئەوەی لە هەندێک گرتووخانەدا رێژەی قەرەباڵخی بۆ 100% یان کەمتر دابەزێت، بەڵام هەندێکی دیکەیان هێشتا بەدەست قەرەباڵخییەوە دەناڵێنن کە بەپێی جۆری تاوانەکان (تیرۆر و تاوانی دیکە) پۆلێن کراون. موراد ساعدی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە قۆناخی دووەمی پلانەکەدان بۆ کۆتاییهێنان بە قەرەباڵخی. سەبارەت بە هۆکارەکانی زۆریی سزادراوان لە گرتووخانەکاندا، گوتی: "بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان و بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتدا، بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی سزادراوان." لەبارەی ئاماری نێو گرتووخانەکانەوە، ساعدی ئاشکرای کرد: "ژمارەی سزادراوەکان لە چاکسازییەکاندا زیاتر لە 60 هەزار کەسە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە رۆژی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتییەوە تاوەکو 24-05-2026، ژمارەی ئەو کەسانەی بە لێبووردنی گشتی ئازادکراون گەیشتووەتە 12 هەزار و 512 کەس. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد جەختی کردەوە کە کارکردن لەسەر پرۆژەکان بەردەوامە و لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند گرتووخانەیەکی دیکە دەخرێنە خزمەتەوە، لەوانە: گرتووخانەی دیوانیە کە قۆناخی پێشکەوتووی بڕیوە، گرتووخانەی خان بەنی سەعد لە پارێزگای دیالە و فراوانکردنی گرتووخانەی ناوەندیی بابل. بەگوێرەی وەزارەتی دادی عێراق، 30 گرتووخانە لە عێراقدا هەن. موراد ساعدی گوتیشی: "هەرچەندە یاسای لێبووردنی گشتی کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵخی هەبووە، بەڵام تاوەکو یەک کەس ئازاد دەکرێت، پێنج کەسی دیکە بەهۆی تاوانی جیاوازەوە دێنە شوێنی،" بۆیە وەزارەتی داد کار دەکات ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە رووی پانتایی و شوێنی نیشتەجێبوونی سزادراوانەوە دابین بکات. دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، حکومەتی عێراق لە ساڵی 2005ـەوە دەستی بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان کردووەتەوە؛ بەگوێرەی رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ، لە دوو ساڵی 2023 و 2024دا لە عێراق 79 کەس لەسێدارە دراون.