رووداو دیجیتاڵ پۆلیسی بەغدا کەسێکی دەستگیرکرد کە بە پۆشینی جلی سەربازی و هەڵگرتنی دەمانچەی پلاستیکییەوە، لە ناوچەی کازمیە خۆی وەک کارمەندی ئەمنی ناساندبوو. عەمید نیبراس محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی بەغدا، رۆژی شەممە، 30ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند، مەفرەزەکانی پۆلیسی کەرخ لە ناوچەی کازمیە، توانیویانە کەسێک دەستگیربکەن کە جلی فەرمیی هێزە ئەمنییەکانی پۆشیوە و دەمانچەیەکی پلاستیکی پێبووە، بەو مەبەستەی هاونیشتمانییان چەواشە بکات و وا خۆی نیشان بدات کە کارمەندی ئەمنییە. بەگوتەی عەمید نیبراس محەممەد، دوای لێکۆڵینەوە و وردبینی لە ناسنامەکەی، دەرکەوتووە کە ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە نییە، بۆیە دەستبەجێ رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ ئەوەی سزای یاسایی بدرێ. فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا دەڵێت :" بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون و دەستگیرکردنی هەر کەسێک کە بیەوێت ناونیشانی فەرمی و حکومی بۆ مەرامی تایبەت بەکاربهێنێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ئاسایشی هاونیشتمانییان و پاراستنی شکۆی دامەزراوە ئەمنییەکان".