رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە رووباری لیتانی لە باشووری لوبنان پەڕیوەتەوە.
نەتەنیاهوو لە سەردانێکی بۆ سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان، کە تێیدا وەزیری بەرگری، جێگری سوپاسالار، فەرماندەی ناوچەی باکوور و ژمارەیەک لە فەرماندە و سەربازەکان یاوەری بوون، گوتی، "لەگەڵ فەرماندەی ئەو لیوایانەی ئێستا لە ناوچەکەن قسەم کردووە. گوێم لێگرتن و گوێم لەو سەربازانەش گرت کە لێرە لەپشت منەوەن؛ ورەیەکی زۆر بەرزی شەڕکردن لێرە هەیە. شەڕی دژی حیزبوڵڵا لە باکوور لێرەوە بەڕێوەدەچێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "دەبێت ئەوەتان پێ بڵێم کە لێرە ئەنجامی زۆر سەرسوڕهێنەر هەن. هێزەکانمان لە رووباری لیتانی پەڕیونەتەوە و چوونەتە سەر بەرزاییە ستراتیجییەکان. ئێمە لە بەیرووت، لە بیقاع و بەدرێژایی هەموو بەرەکانی جەنگ کاردەکەین و گورزی کوشندە لە حیزبوڵڵا دەدەین."
نەتەنیاهوو باسی لەوەش کرد، "کاتێک ئەمە دەڵێم، تەنیا قسەی سەرپێیی نییە. فەرماندەی لیواکان و سەربازەکانیش پێم دەڵێن کە لە هەر رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانێکدا، چەکدارانی حیزبوڵڵا لەنێودەبەین و ناچاریان دەکەین رابکەن."
سوپای ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشەکانی بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو چڕکردووەتەوە.
شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 2ی ئادارەوە لوبنانیشی گرتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حیزبوڵڵا وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم رۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل، چەندین مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
لەو کاتەوە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی زۆر بەرفراوان دەکاتە سەر لوبنان و لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژراون و بریندار بوون، هاوکات هێزەکانی ئیسرائیلیش چوونەتە قووڵایی خاکی باشووری ئەو وڵاتە.
