رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایدەگەیێنێت، ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر کۆمپانیا نەوتییەکانی وڵاتەکەیدا سەپاندوویەتی، "نایاسایین" و ئامانج لێیان تەنیا "کێبڕکێی نادادپەروەرانە"ی بازاڕە. جەختیشیکردەوە، رووسیا مافی ڤیتۆ بۆ رێگریکردن لە بڕیارە "نادادپەروەرەکان" دژی هاوبەشەکانی بەکاردەهێنێت.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداوی سەبارەت بە گەڕانەوەی کۆمپانیاکانیان بۆ دەستکردنەوە بە کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دایەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: "ئێمە چەندین جار رەخنەی خۆمان لەو بەربەستە بەرفراوانانە دەربڕیوە کە لە لایەن چەندین ئیدارەوە (ئیدارەی ئەمریکا) بۆ چەندین دەیە، بەتایبەت لە ساڵی 2014ەوە بەسەر کۆمپانیاکانماندا سەپێندراون."
زاخارۆڤا ئاماژەی بەوە کرد، هەر کردەوەیەکی تاکلایەنە کە پشت بە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش نەبەستێت، "نایاساییە و تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و ئامرازێکە بۆ کێبڕکێی نادادپەروەرانە". ئەو دەڵێت، مۆسکۆ وەڵامی سزاکان بە رێکاری پێچەوانە دەداتەوە، بەڵام کارێک ناکەن زیان بە خۆیان بگەیەنن و بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابوورییان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راشیگەیاند: "کێشەی هەڵگرتنی سزاکان لەسەر شانی ئەو وڵاتانەیە کە دەستپێشخەرییان کردووە و دەبێت هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانە گوشار بخەنە سەر سەرکردایەتییەکانیان کە بەهۆی لێکەوتە نەرێنییەکانەوە تووشی زیانی زۆر بوون." زاخارۆڤا دووپاتی کردەوە، رووسیا هەمیشە کراوەیە بۆ هاوئاهەنگییەکی رێزدارانە و سوودبەخشی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی دیکەش.
تشرینی یەکەمی رابردوو، ئەمریکا سزای بەسەر کۆمپانیاکانی رووسنەفت و لوکئۆیلی رووسیدا سەپاند و مانگێک دواتر کارکردنیان لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی عێراقدا راگرت. لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی دەستوەردان لە دۆخی ئۆکراینا و ساڵی 2022 بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، هەریەک لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا دەستیان بە سزادانی بەرپرسان و دامەزراوەکانی رووسیا کرد.
رووسیا: رێگەنادەین هیچ بڕیارنامەیەک ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکانیدا بۆ رووداو، سەبارەت بە هەڵوێستی مۆسکۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، زاخارۆڤا رایگەیاند، رووسیا بە بەرپرسیارێتییەکی تەواوەوە ڤیتۆ بەکاردەهێنێت. ئەو گوتی: "ڤیتۆ ئیمتیاز نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ رێگری لە دەرکردنی بڕیاری نادادپەروەرانە و پاراستنی ئاشتیی نێودەوڵەتی."
زاخارۆڤا وەک نموونەیەک ئاماژەی بەوە کرد، چۆن رووسیا و چین لە 7ی نیسانی رابردوو ڤیتۆیان دژی بڕیارنامەیەکی ئەمریکا سەبارەت بە تەنگەی هورمز بەکارهێنا، بەو پاساوەی کە ئەگەر بڕیارەکە تێپەڕ بووایە، پرۆسەی دانوستاندنی ئاشتی لە ناوچەکە تێکدەچوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئێستا رەشنووسێکی نوێی ئەمریکا و بەحرەین سەبارەت بە هورمز لەژێر تاوتوێکردندایە، زاخارۆڤا گوتی، هەڵوێستی مۆسکۆ روونە، بەتایبەت کە پێشکەوتن لە هەوڵەکاندا بینراوە بۆ نزیککردنەوەی پێگەی تاران و واشنتن سەبارەت بە چوارچێوەی ئاگربەست و رێککەوتنی ئاشتی، بۆیە ئەوان رێگە نادەن هیچ بڕیارێکی نادادپەروەرانە ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. لە رۆژی 2ی ئاداریشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست. ئێستا هەردوولا نزیکن لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوانیان بۆ ماوەی 60 رۆژ و چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکان.
