رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای ئیسرائیل، بڕیارێکی حکومەتی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە کە رێگری لە نوێنەرانی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور دەکرد سەردانی فەڵەستینییەکان بکەن لە زیندانەکانی ئیسرائیل دا.
لە بڕیارەکەی دادگەدا کە رۆژی چوارشەممە دەرچووە، هاتووە "حکومەت پاساوی یاسایی و پێویستی پێشکێش نەکردووە بۆ بەردەوامبوونی ئەو قەدەخە گشتییە" کە لە دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە بەسەر زیندانییانی فەڵەستینیدا سەپێندرابوو.
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند، "ئامادەین دەستبەجێ سەردانەکانمان بۆ لای دەستبەسەرکراوان لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەستپێبکەینەوە." رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کارەکانیان لەناو زیندانەکاندا دەستپێبکەنەوە.
خاچی سوور ئاماژەی بەوەش کرد، بینینی دەستبەسەرکراوان و کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵیان، ئەرکێکی سەرشانی ئیسرائیلە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
پێشتر ئیسرائیل بەو بیانوەی کە حەماس رێگەی نەداوە خاچی سوور بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە ببینێت، سەردانی نوێنەرانی ئەو رێکخراوەی بۆ ناو زیندانەکانی خۆی قەدەخە کردبوو.
هەرچەندە لە تشرینی یەکەمی 2025ـەوە دوایین بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد کران، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل قەدەخەکەی هەڵنەگرتبوو.
لەو ماوەیەدا، چەندین رێکخراوی مافی مرۆڤی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هۆشدارییان لە تێکچوونی باری تەندروستی و گوزەرانی زیندانیانی فەڵەستینی دابوو، ئاماژەیان بە هەبوونی ئەشکەنجە، تووندوتیژی و بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی کردبوو.
لەلایەکی دیکەوە، عەبدوڵڵا زەغاری، سەرۆکی یانەی زیندانیانی فەڵەستینی رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگا "هیچ بەهایەکی نابێت ئەگەر بە کردەیی سەردانەکان دەستپێنەکەنەوە." عەبدوڵڵا رەغازی رەخنەی لە سیستەمی دادوەریی ئیسرائیلیش گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی "شەرعیەت دەدەنە سیاسەتەکانی داگیرکاری و پێشێلکارییەکان."



