رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی کرد بەوەی، عومانی هاوپەیمانی دەکاتە ئامانج ئەگەر یارمەتیی سەپاندنی سیستمی باج و سەرانە بدات لە تەنگەی هورمزدا.
بێسێنت هۆشداریدا و گوتی، سزا بەسەر هەموو ئەو لایەنانەدا دەسەپێنرێت لە کاری لەو شێوەیەدا بەشدارن. ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژێک پێشتر دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی "تەقاندنەوە"ـی لە عومان کردبوو.
رۆژی پێنجشەممە 28-05-2026، سکۆت بێسێنت لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس هۆشداریدا و گوتی: "بەتایبەتی، عومان دەبێت بزانێت کە گەنجینەی ئەمریکا بە تووندی هەر لایەنێک دەکاتە ئامانج کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشدار بێت لە ئاسانکاریکردنی باج بۆ تەنگەکە و هەر هاوبەشێکی ئارەزوومەند سزا دەدرێت."
بێسێنت رایگەیاند، ئەمریکا "هیچ هەوڵێک قبووڵ ناکات بۆ سەپاندنی سیستمی باج لە تەنگەی هورمزدا."
هورمز بە شێوەیەکی ئاسایی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، لەدوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتدا جەنگیان دژی ئێران دەستپێکرد، بووەتە خاڵێکی گرژی و جێناکۆک.
عومان لە جەنگەکەدا رۆڵی نێوەندگیریی بینیوە و خۆیشی رووبەڕووی هێرشی ئێران بووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە عومان کرد کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە رێککەوتنێکی کورتخایەن کە رێگە بدات عومان و ئێران کۆنترۆڵی هورمز بکەن، گوتی "دەیانتەقێنمەوە."
پرسیار لە کۆشکی سپی ئایا ترەمپ لەو قسەیە مەبەستی ئێران بووە؟ بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.
هەڕەشەکەی رۆژی پێنجشەممەی بێسێنت، چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە گەنجینەی ئەمریکا سزای خستە سەر "دەستەی تەنگەی کەنداوی فارس"ـی ئێران، کە ئاژانسە نوێیەکەی تارانە بۆ وەرگرتنی باج بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەکەدا.
واشنتن هەڕەشەی سزاکانی بۆ هەر کەسێک راگەیاندووە ئەو باجانە بدات، چونکە "رەنگە پشتیوانی پێشکەش بکەن و خزمەتگوزاری وەربگرن" لە سوپای پاسدارانی ئێران و "رەنگە رووبەڕووی مەترسیی سزا ببنەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمریکا و ئێران یەکدیان بە پێشێلکردنی ئاگربەستی بەردەوام تۆمەتبار کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)