رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆس دەڵێ، دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتنێک لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی 60 رۆژە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستاندن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام سەرۆک ترەمپ هێشتا رەزامەندیی کۆتایی خۆی نەداوە و داوای "چەند رۆژێک"ـی کردووە بۆ بیرکردنەوە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکایی و سەرچاوەیەکی ناوچەیی بەشدار لە هەوڵەکانی نێوەندگیرییەوە بڵاویکردەوە، هەرچەندە دانوستاندنکاران گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی بنەڕەتی، بەڵام چارەنووسی کۆتایی پەیوەستە بە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکاوە.
وردەکارییەکانی یاداشتنامەکە
بەگوێرەی بەرپرسە ئەمریکییەکان، یاداشتە 60 رۆژییەکە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
- تەنگەی هورمز: هاتووچۆی کەشتیوانی بەنێو تەنگەکەدا "بێ کۆتوبەند" دەبێت. بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێ، ئەمە واتە هیچ باجێک و هیچ هەراسانکردنێک نابێت و دەبێت ئێران لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو مینەکان لە تەنگەکەدا لاببات.
- گەمارۆی دەریایی: گەمارۆی دەریایی ئەمریکا هەڵدەگیرێت، بەڵام ئەمە بە رێژەی گەڕانەوەی هاتووچۆی کەشتیوانیی بازرگانی دەبێت.
- پرۆگرامی ئەتۆمی: بەگوێرەی یاداشتەکە، ئێران نابێت بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە بێت. هەروەها، یەکەم پرس کە لە ماوەی 60 رۆژەکەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، چۆنیەتیی لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران و مامەڵەکردن دەبێت لەگەڵ پڕۆسەی پیتاندندا.
- سزاکان و یارمەتی: ئەمریکا پابەند دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر سووککردنی سزاکان و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران. هەروەها میکانیزمێک بۆ یارمەتیدانی ئێران بۆ دەستپێکردنی وەرگرتنی کاڵا و یارمەتیی مرۆیی دادەنرێت.
بەگوێرەی ئەکسیۆس، بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، مەرجەکانی رێککەوتنەکە تاڕادەیەکی زۆر تاوەکو رۆژی سێشەممە رێککەوتنیان لەسەر کرابوو، بەڵام هەردوولا هێشتا پێویستیان بە رەزامەندیی سەرکردایەتیی باڵای خۆیان هەبووە.
ئەکسیۆس نووسیویەتی، بەرپرسە ئەمریکییەکان گوتوویانە، دواتر ئێرانییەکان گەڕاونەتەوە و رایانگەیاندووە رەزامەندیی پێویستیان وەرگرتووە و ئامادەن واژۆ بکەن، بەڵام بەرپرسانی ئێران تاوەکو ئێستا ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
دانوستاندنکارانی ئەمریکا ترەمپیان لە وردەکاریی رێککەوتنە کۆتاییەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەستبەجێ واژۆی نەکردووە. بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، "سەرۆک بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە دەیەوێت چەند رۆژێک بیربکاتەوە."
واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، دەبێتە گرنگترین پێشکەوتنی دیپلۆماسی لەدوای دەستپێکردنی جەنگەوە. بەڵام، رێککەوتنێکی کۆتایی کە داواکارییە ئەتۆمییەکانی ترەمپ لەخۆبگرێت و چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکان بکات، هێشتا پێویستی بە دانوستاندنی چڕ و درێژخایەنی زیاتر دەبێت.
پێشتریش، ترەمپ و راوێژکارەکانی پێیانوابوو چەندین جار لە قۆناخەکانی پێشووتری جەنگدا لە رێککەوتنێک نزیک بوون، بەڵام هیچ کامیان بە ئەنجام نەگەیشتبوون.
