رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەنیازە پارێزەرە تایبەتەکەی پێشووی بە شێوەیەکی هەمیشەیی وەک داواکاری گشتیی ئەمریکا دەستنیشان بکات. تۆد بلانش، کە ئێستا بە وەکالەت ئەو پۆستەی لایە، لەم دواییانەدا سەرپەرشتیی چەندین دۆسیەی پڕمشتومڕی یاسایی و سیاسیی کردووە.
رۆژی پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026، بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارێکدا رایگەیاند، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بە فەرمی تۆد بلانش بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکات. ترەمپ لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: "سبەی، من فەرمان دەدەم کە ئێمە بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەیکەینە داواکاری گشتی."
تۆد بلانش، پێشتر جێگری داواکاری گشتی بووە، پۆستی سەرپەرشتیاری بەوەکالەتی وەزارەتی دادی وەرگرت دوای ئەوەی ترەمپ، پام بۆندی، داواکاری گشتیی پێشووی دوورخستەوە بەهۆی ئەو رەخنانەی کە ئاراستەی کرابوون لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دۆسیەکانی لێکۆڵینەوەی جێفری ئێپستین.
بلانش لەوکاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتووە، چەندین دۆسیەی تۆمەتبارکردنی دژی نەیار و رکابەرە سیاسییەکانی ترەمپ بەڕێوەبردووە، لەنێویاندا جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی ئێف بی ئای.
وەزارەتی داد لەژێر سەرپەرشتیی بلانشدا هەوڵیدا پلانێکی مشتومڕاوی بۆ دروستکردنی سندوقی قەرەبووکردنەوە بە بەهای 1.8 ملیار دۆلار جێبەجێ بکات، کە رەخنەگران وەک "سندوقی بەرتیل" بۆ هاوپەیمانە سیاسییەکانی ترەمپ وەسفیان کردبوو.
ئەم سندووقە وەک بەشێک لە رێککەوتنی سکاڵایەکی یاسایی ترەمپ دژی فەرمانگەی داهاتی ناوخۆ (IRS) پێشنیاز کرابوو، کە پاشکۆیەکی تێدابوو رێگری لە فەرمانگەکە دەکرد لێکۆڵینەوە لە ترەمپ بکات سەبارەت بە داواکارییەکانی باجی رابردوو. رۆژی سێشەممە، بلانش بە کۆنگرێسی راگەیاند، سندوقی قەرەبووکردنەوەکە بەردەوام نابێت، بەڵام پارێزبەندیی باجی ترەمپ وەک خۆی دەمێنێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
