رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئەڵمانیا نەیتوانی متمانەی ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی پۆرتوگال و نەمسا لە دەنگدانی نهێنیی کۆمەڵەی گشتیدا، هەردوو کورسییەکەی رۆژئاوای ئەورووپایان بۆ ساڵی 2027 بردەوە.
رۆژی چوارشەممە 3ـی حوزەیرانی 2026، لە دەنگدانێکی نهێنیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پۆرتوگال 134 دەنگ و نەمسا 131 دەنگیان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا ئەڵمانیا، کە گەورەترین ئابووریی ئەورووپایە و پێشتر شەش خولی ئەندامێتی لە ئەنجوومەنەکەدا بەڕێکردووە، تەنیا 104 دەنگی بەدەستهێنا و لە دەرەوەی ئەنجوومەنەکە مایەوە.
ئەنجامی دەنگدانەکە بۆ ناوچەکانی دیکە
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 15 ئەندام پێکهاتووە: پێنج ئەندامی هەمیشەیی (ئەمریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا) و 10 ئەندامی ناهەمیشەیی کە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن و بەسەر ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا دابەش کراون.
لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا، زیمبابوێ وەک تاکە بەربژێری کیشوەری ئەفریقا بە 182 دەنگ هەڵبژێردرا، هاوکات ترینیداد و تۆباگۆ بەبێ هیچ رکابەرێک بە 181 دەنگ کورسیی ناوچەی ئەمریکای لاتین و دەریای کاریبی بەدەستهێنا. بۆ کورسیی تەرخانکراو بۆ کیشوەری ئاسیاش، خولی دووەمی دەنگدان لەنێوان فلیپین و کرگیزستاندا بەڕێوەچوو، کرگیزستان توانی 123 دەنگ بەدەستبێنێت و کورسییەک بباتەوە.
دۆخی ئەندامان لە ساڵی 2027
ئەو پێنج وڵاتە نوێیەی کە هەڵدەبژێردرێن، لە 1ـی کانوونی دووەمی 2027ـەوە جێگەی وڵاتانی پاکستان، سۆماڵ، یۆنان، دانیمارک و پەنەما دەگرنەوە.
ئەم ئەندامە نوێیانە دەچنە پاڵ پێنج ئەندامەکەی دیکە کە بۆ خولی ساڵانی 2026-2027 هەڵبژێردراون، کە بریتین لە: کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، لایبریا، لاتڤیا، کۆلۆمبیا و بەحرێن.
ئەم شکستەی ئەڵمانیا، کە ئەندامێکی سەرەکیی گرووپی حەوتە (G7) و وەک لەنگەری سیاسی و ئەمنیی ئەورووپا سەیر دەکرێت، پێشهاتێکی کەم وێنەیە لە مێژووی دیپلۆماسیی ئەو وڵاتەدا.
بۆ خولی 2027 ئەو ئەندامانەی خوارەوە کورسییان لە ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت:
1. چین
2. فەرەنسا
3. ئەمریکا
4. رووسیا
5. بەریتانیا
6. بەحرێن
7. کۆڵۆمبیا
8. کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ
9. لاتڤیا
10. لایبیریا
11. نەمسا
12. کرگیزستان
13. پۆرتوگال
14. ترینیداد و تۆباگۆ
15. زیمبابوێ


.png&w=3840&q=75)
