رووداو دیجیتاڵ دوای ئەوەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی یاریی کۆتایی چامپیەنزلیگی لە ئارسێناڵی ئینگلیزی بردەوە، ئاهەنگ و خۆشیی هاندەرانی پاریس تێکەڵ بە پێکدادانی تووند و رووداوی هاتووچۆ بوو، گەنجێک گیانی لەدەستدا و 780 کەسیش لە سەرانسەری وڵاتەکە دەستگیرکران. رۆژی یەکشەممە 31-05-2026، دەسەڵاتداران ئاماری دوێنێ شەویان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هەزاران کەس رژابوونە سەر شەقامەکانی پاریس بۆ یارییەکە و بۆ ئاهەنگگێڕان بە بردنەوەی پاریس سانجێرمان بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە یاریی کۆتاییدا کە شەوی شەممە لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا بەڕێوەچوو. هەندێک لە هاندەران لەگەڵ پۆلیسدا پێکیاندادا. نزیکەی 22 هەزار پۆلیس لە سەرانسەری فەرەنسادا بڵاوەیان پێکرابوو. پار هەمان یانە جامەکەی بردەوە و پێکدادانی تووند لە شارەکانی فەرەنسا روویدا. لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، تیشکی خستە سەر زیادبوونی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان دژی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، 57 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون و "219 هاووڵاتی بریندار بوون، لەنێویاندا هەشتیان برینیان سەختە." رووداوی کوشندە و چەقۆکێشی نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریس گیانلەدەستدانی گەنجێکی تەمەن بیست ساڵانی راگەیاند، ئەمە دوای ئەوەی بە ماتۆڕەکەی خۆی بە بەربەستە کۆنکرێتییەکاندا لە دەرچەیەکی رێگەی بازنەیی پاریسدا کێشا. هەروەها، گەنجێکی دیکە لە شەڕە چەقۆیەکدا لە پاریس بە سەختی بریندار بوو، کە گومان دەکرێت بەهۆی دزییەوە بووبێت. نونێز گوتی، ژمارەیەکی کەمی دزی و تاڵانکاری لە نزیکەی پازدە شاردا روویانداوە و حاڵەتی توندوتیژی لە 71 شارەوانیدا تۆمارکراون. وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، 780 دەستگیرکردنەکە، زیادبوونێکی 32٪ـی نیشان دەدات بەراورد بە ئاهەنگەکانی سەرکەوتنی پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگی ساڵی 2025ـدا. رێپێوانی سەرکەوتن و رێوشوێنی ئەمنی بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە نزیکەی 100 هەزار کەس لە گۆڕەپانی شامپ دی مارس لە بەردەم تاوەری ئایفڵ کۆدەبنەوە و پێشوازیی لە پاسی یاریزانەکان دەکەن و ئاهەنگی بەدەستهێنانی جامە دوو گوێییەکە دەگێڕن. دواتر یاریزانەکان بەرەو کۆشکی ئێلیزێ بەڕێدەکەون و لەوێ لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساوە پێشوازییان لێدەکرێ. لۆران نونێز بەڵێنی "ئامادەکارییەکی بەهێزی جێبەجێکردنی یاسا"ـی دا لە کاتی ئاهەنگەکانی گەڕانەوەی یاریزانەکاندا و رایگەیاند، سزا بۆ "رێگریکردن لە هاتووچۆ" دەسەپێنرێت لە ئەگەری هەر چوونەژوورەوەیەک بۆ سەر رێگەی بازنەیی پاریس. سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی هەشتەمی پاریس، کە شەقامی بەناوبانگی شانزێلیزێی تێدایە و 20 هەزار کەس دوای سەرکەوتنەکە لێی کۆببوونەوە، داوای "قەدەخەی کۆبوونەوە"ـی کرد لەسەر شەقامە گرنگەکە، ئەمەش وەک تاکە رێگە بۆ خۆلادان لە تووندوتیژیی زیاتر. نونێز بیرۆکەکەی رەتکردەوە و گوتی، "نزیکەی نیوەی هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵ دەکات." نزیکەی 6 هەزار پۆلیس و ژاندارمە بۆ پاراستنی ئاسایش لە کاتی ئاهەنگەکانی رۆژی یەکشەممەدا بڵاوەیان پێکراوە.