Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Article hero image
تەندروستی01-06-2026

پسپۆڕێک: هیچ شامپۆ و مادەیەکی کیمیایی بە خێرایی و لەماوەیەکی کەمدا قژهەڵوەرین چارەسەر ناکات

0:00
0:00
قەبارەی دەق
شکار رێبوار
شکار رێبوار01-06-2026

بابەتی پەیوەندیدار

چۆن تەمەنی دڵی کەسێک 16 ساڵ لەخۆی پیرترە؟
تەندروستی01-06-2026

چۆن تەمەنی دڵی کەسێک 16 ساڵ لەخۆی پیرترە؟

ڤێتێرنەریی راپەڕین: 20 ساڵە داوای کوشتارگە دەکەین و تاوەکو ئێستا نییە
تەندروستی28-05-2026

ڤێتێرنەریی راپەڕین: 20 ساڵە داوای کوشتارگە دەکەین و تاوەکو ئێستا نییە

تەندروستیی هەولێر: تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە
تەندروستی28-05-2026

تەندروستیی هەولێر: تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە

رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەندێک هەڵە هەن کە خەڵک وادەزانن بۆ چارەسەری قژهەڵوەرینە، بەڵام دۆخەکەیان خراپتر دەبێت و چەندین نەخۆشی لەو شێوەیە لە کلینیکەکان تۆمار کراون.

د. بنار سەردار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری بە رووداوی راگەیاند، بەکارهێنانی شامپۆ بۆ چارەسەری قژهەڵوەرین لاوەکییە و پێویستە هۆکارە سەرەکییەکە چارەسەر بکرێت، چونکە هۆکارەکەی بەپێی رەگەز جیاوازە.

بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، ئاساییە رۆژانە 50 تاوەکو 100 تاڵەقژ هەڵبوەرێن، چونکە ئەوە گۆڕانکاریی فیسیۆلۆژیی جەستەیە.

وەڵامی پرسیارەکانی د. بنار سەردار، لەبارەی هەڵەکانی چارەسەرکردنی قژهەڵوەرین

رووداو: کێن ئەوانەی ئەگەری تووشبوونیان بە هەڵوەرینی قژ زۆرە؟

د. بنار سەردار: دەکرێت لە هەموو تەمەنێکدا رووبدات و لە هەردوو رەگەزدا باوە، هۆکاری جیاوازیشی هەیە.

رووداو: رۆژانە ئاساییە قژ هەڵبوەرێت؟

د. بنار سەردار: ئاساییە رۆژانە 50 تاوەکو 100 تاڵەقژ هەڵبوەرێن.

رووداو: بەکارهێنانی گیادەرمان یاخود سرکە و زەیتی زەیتوون چ کاریگەرییەکیان لەسەر قژهەڵوەرین هەیە؟

د. بنار سەردار: باشترە هیچ گیادەرمانێک بەبێ راوێژی پزیشک و کەسانی شارەزا بەکارنەهێندرێت، تەنانەت بەکارهێنانی زەیت و رۆسماری و سدر دەشێت هەستیاری دروستبکەن یاخود هاوسەنگیی چەوریی قژەکە تێکبدەن.

رووداو: شامپۆ و مادەیەکی زۆری کیمیایی رێکلامیان بۆ دەکرێت کە راستەوخۆ هەڵوەرین چارەسەر دەکات و قژ پڕ دەکاتەوە و تاڵەکان دووبارە دروستدەکاتەوە، ئایا هیچ دەرمانێک هەیە بە خێرایی هەڵوەرینی قژ چارەسەر بکات؟

د. بنار سەردار: ئەو شامپۆ و مادە کیمیاییانەی رێکلامیان بۆ دەکرێت کە گوایە ''بەماوەیەکی زۆر کەم قژهەڵوەرین چارەسەر دەکەن'' راست نین، چونکە هەر جۆرێکی قژهەڵوەرین هۆکارێکی لەپشتە و چارەسەرەکەشی جیاوازە. تەنانەت بەکارهێنانی شامپۆ بۆ چارەسەری قژهەڵوەرین لاوەکییە و پێویستە هۆکارە سەرەکییەکە چارەسەر بکرێت. هیچ چارەسەرێکیش نییە بە خێرایی ئەو کێشەیە بنبڕ بکات، چونکە سووڕی قژ نزیکەی 3 بۆ 4 مانگی پێدەچێت، هەر بۆیە لانیکەم پێویستمان بە 4 بۆ 6 مانگە تاوەکو چارەسەر بکرێت.

رووداو: هیچ سابوونێک هەیە هەڵوەرینی قژ چارەسەر بکات؟

د. بنار سەردار: لەبارەی بەکارهێنانی سابوون بۆ قژ، ئەمە هەڵەیە، چونکە رێژەی تفتێتیی سابوون بەرزە و ئەمەش وادەکات قژەکە وشک ببێت و بە ئاسانی تاڵەکان هەڵبوەرن و رووتانەوە زیاد بکات، تەنانەت جاری واش هەیە توێژاڵێکی سپی لەسەر قژ بەجێدەهێڵێت کە وەکو کڕێشک وایە.

رووداو: هەڵوەرینی قژ لە پیاواندا زۆرترە یاخود لە خانمان؟

د. بنار سەردار: قژڕووتانەوەی بۆماوەیی لە پیاواندا زۆرە، لە خانمانیشدا قژهەڵوەرین دوای منداڵبوون زۆر باوە.

رووداو: چ هەڵەیەک لەنێو پیاواندا وادەکات، قژیان هەڵبوەرێت؟

د. بنار سەردار: بایەخنەدان بەو بەرهەم و شامپۆیانەی کە بۆ بەهێزی و خاوێنیی قژ بەکاردەهێنرێن لەگەڵ زۆربەکارهێنانی جێڵ و کرێمی راوەستانی قژ هەڵەی باون کە وادەکەن قژی پیاوان هەڵبوەرێت، تەنانەت جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان ئەگەری قژهەڵوەرینی پیاوان زیاد دەکات.

رووداو: چ هەڵەیەک لەنێو خانمان، وادەکات قژیان هەڵبوەرێت؟

د. بنار سەردار: بایەخنەدان بەو بەرهەم و شامپۆیانەی کە بۆ قژ بەکاردەهێنێت بەتایبەت بۆیە، کریاتین و پڕۆتین. یاخود زۆربەکارهێنانی وشککەرەوەی قژ و ئوتووی قژ کە وادەکات ئەگەری قژهەڵوەرینی خانمان زیاد ببێت.

شکار رێبوار
شکار رێبوار01-06-2026