رووداو دیجیتاڵ
ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند، هیچ نیازێکی بۆ دەرچوون لە جەهەپە و دامەزراندنی پارتێکی نوێ نییە و داوای لە ئەندامانی پارتەکەی کرد، کە دەستلەکارنەکێشنەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دوای نوێژی جەژن لە پارێزگای مانیسا قسەی بۆ میدیا کرد و لە وەڵامی پرسیارێکدا؛ ئایا بە نیازی دامەزراندنی پارتێکی تازەیت؟ گوتی، "لەم قۆناخەدا پێویست ناکات کەس جیا ببێتەوە، هیچ نیازێکمان بۆ دامەزراندنی پارتێکی تازە نییە."
هەروەها بانگەوازێکی ئاراستەی ئەندامانی جەهەپە کرد و داوای لێکردن لە جەهەپە دانەبڕێن و دەست لەکار نەکێشنەوە.
لەبارەی یەکلابوونەوەی چارەنووسی جەهەپە گوتی، "ئێمە دەمانەوێت هەرچی زووە هەڵبژاردن لەناو پارتەکەماندا بکرێت. هەر 81 سەرۆکایەتیی پارێزگاکان و تەواوی ئەندامەکانمان داوای هەڵبژاردن دەکەن. هیوادارین کڵچدارئۆغڵو هەوڵ نەدات بێ ئەوەی بە هەڵبژاردن بێتە سەر کار، سەرۆکایەتیی پارتێک بکات. رێگەی بەستنی کۆنگرە واڵایە. بانگەوازێکم بۆی هەیە؛ با بە بڕیاری دوو ملیۆن ئەنداممان سەرۆکی پارت دیاری بکرێت."
ئۆزگور ئۆزەل، روونکردنەوەی لەسەر پرسی جیابوونەوە لە پارتەکە دا و گوتی، "هەندێک کەس دەڵێن با دەست لەکار بکێشینەوە، بەڵام با کەس لە پارتەکەی دانەبڕێت و دەست لەکار نەکێشێتەوە. ئێمە بە جۆرێک ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەین."
ئێوارەی رۆژی 21ی ئایاری 2026، فەرمانگەی 36ـەمین دادگەی هەرێمی لە ئەنقەرە، 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و بێکاریگەر" هەژمارکرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد، بریارەکە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای خستە نێو قەیرانێکی قووڵی یاساییەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئۆزگور ئۆزەل و دەستەی بەڕێوەبردنی جەهەپە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و ئەنجوومەنی دیسپلین بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و بڕیاردرا کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو، پۆستەکانیان وەربگرنەوە.
