رووداو دیجیتاڵ
ناکۆکییەکانی نێو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) قووڵتر دەبنەوە. گوتەبێژێکی ئۆزگور ئۆزەل دەڵێت، بەستنی کۆنگرە تاوەکو 25ی تەممووز بۆ پارتەکەیان پرسی 'مان و نەمانە'؛ لە بەرامبەریشدا کەمال کڵچدارئۆغڵو ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی رکابەرەکەی بە "نایاسایی" ناو دەبات.
دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆبووەوە کە لایەنگری ئەون. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ لایەنگرانی کەمال کڵچدارئۆغڵو لە بارەگای گشتیی پارتەکە کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەیان کردبوو.
زەینەل ئێمرە، کە وەک گوتەبێژی باڵی ئۆزگور ئۆزەل دەستنیشان کراوە، دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، پێویستە تاوەکو 25ی تەممووزی 2026 کۆنگرە ببەسترێت و گوتی: "بەستنی کۆنگرە بۆ جەهەپە پرسی مان و نەمانە. هیچ ئەندامێکی پارتەکە مافی ئەوەی نییە جەهەپەی 100 ساڵە لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی قۆڵبەست بکات."
ئێمرە رەخنەی تووندی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو گرت و پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی نوێی سەرکردایەتیی لەلایەن ئەوەوە بە کارێکی "ناڕەوا و نایاسایی" وەسف کرد. راشیگەیاند: "هیچ دادگەیەک ناتوانێت پەیڕەوی ناوخۆ و ئەندامانی شاندەکان هەڵبوەشێنێتەوە."
ئێستا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە کردەیی بووەتە دوو جەمسەر و لە رێگەی دوو بەڕێوەبەرایەتیی جیاواز و دوو گوتەبێژەوە کارەکانی بەڕێوەدەبات.
باڵی کڵچدارئۆغڵو: لە بارەگای گشتیی پارتەکە کۆدەبنەوە و موسلیم ساری وەک گوتەبێژ قسەیان بۆ دەکات. ئەوان پێیانوایە دەبێت پەیڕەوی نوێی ناوخۆ جێبەجێ بکرێت و ئەنجوومەنەکەی ئۆزەل "نایاساییە".
باڵی ئۆزگور ئۆزەل: لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆدەبنەوە و زەینەل ئێمرە گوتەبێژیانە. ئەوان داوای کۆنگرەی بەپەلە دەکەن بۆ ئەوەی ئەو پلەی یەکەمەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستیان هێناوە، بیپارێزن.
ئەم ململانێیە دوای زنجیرەیەک بڕیاری دادگە و مشتومڕی یاسایی لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکە هاتووە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کاتی بەستنی کۆنگرە، ئاڵۆزییەکان بەردەوام بن.


