رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرت و داتا فەرمییەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی تورکیا (TPAO)، پڕۆسەی گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە چوارچێوەی "هەڵمەتی سەربەخۆیی وزە"دا گەیشتووەتە قۆناخێکی زۆر باش، بە جۆرێک کە چەندین ناوچەی نوێ لە باکووری کوردستان و ناوچەکانی دیکەی تورکیا خراونەتە ناو نەخشەی چالاکییە شیکاری زەوی و هەڵکەندن و گەڕان بەدوای نەوت.
لەو هەڵمەتە فراوانەدا پارێزگاکانی باکووری کوردستان پێگەی گرنگیان هەیە. ئەم پڕۆسەیە کە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی گابار و جودی لە پارێزگای شرنەخ بە لێدانی 33 بیر و بەرهەمی سەرەتایی 40 هەزار بەرمیل دەستیپێکرد، لە ساڵی 2025دا گەیشتە بەرهەمهێنانی 82 هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا و لە ساڵی 2026 ئامانجەکە بەرەو 100 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا بەرزکراوەتەوە. لە ساڵی 2021ەوە 60 ملیۆن بەرمیل نەوتی خستووەتە ناو کەرتی وزەی تورکیاوە.
ئێلیهـ:
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1935 گەڕان بەدوای نەوت لە تورکیا، لە پارێزگای ئێلیهـی باکووری کوردستانەوە دەستی پێکرد و لە 1948 دەرهێنانی نەوت دەستی پێکرد.
ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو پارێزگایە 712 بیری نەوتی چالاک هەن کە توانای بەهەمهێنانی 16 هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە لە رۆژێکدا.
سێرت:
لە ساڵی 1956 دەرهێنانی نەوت لە سێرت دەستی پێکرد. لە سێرت نزیکەی 60 بیری نەوت هەن کە بە شێوەیەکی چالاک نەوتیان لێ بەرهەم دەهێنرێ. لە کێڵگەکانی سەرانسەری پارێزگاکەدا ساڵانە نزیکەی 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوت بەدەست دەهێنرێ؛ هاوکات لەگەڵ کردنەوەی بیرە نوێیەکاندا، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە ناوچەکەدا دەگاتە نێوان 2500 تاوەکو 3000 بەرمیل نەوتی خاوی کوالێتی بەرز بە بەروارد لەگەڵ نەوتی ناوچەکە.
ئامەد:
لە ساڵی 1961ەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە ئامەد دەستی پێکردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان، لە ئامەد 314 بیری نەوت هەن؛ بەشێکی زۆری ئەم بیرانە لە کاردان و رۆژانە بڕی 15 هەزار تاوەکو 16 هەزار و 400 بەرمیل نەوتی خاویان لێ بەرهەم دەهێنرێ.
پلان وایە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی تورکیا لە رێگەی بەردەوامیی کارەکانی هەڵکەندن و کردنەوەی 100 بیری نوێ لە ناوچەکەدا بۆ ئەم ساڵ، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە ئامەد بۆ 20 هەزار بەرمیل بەرز بکرێتەوە.
مێردین:
لە ساڵی 1970 بەرهەمهێنانی نەوت لەو پارێزگایە دەستی پێکرد. لە مێردین نزیکەی 133 بیری نەوت هەن، بەڵام 81 بیری نەوت چالاکن. بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت خاو لەو پارێزگایە کەمە و بڕەکەی لە ژێر یەک هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی تورکیا، لە ساڵی 2025 لەو چوار پارێزگایەی باکووری کوردستان 52 بیری نوێی نەوتی لێدراون و تا کۆتایی 2026 140 بیری دیکە لێدەدرێن.
رۆژی 1ی حوزەیرانی 2026 وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، لە دوو بیرە نەوتی پارێزگای وان کارکردن بەردەوامە و پێشهاتی دڵخۆشکەر تۆمارکراون.
وەک وەزارەتەکە رایگەیاندووە، لە بیری بێشپارماک-1 هەڵکەندن گەیشتووەتە قووڵایی 1,850 مەتر؛ لە بیری کۆرقەندیل-1یش لە سنووری قەزای شاخ بڕێکی زۆر مادەی ئۆرگانی و پاشماوەی نەوت دۆزراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، پڕۆسەی گەڕان بەدوای نەوتدا لە 9 پارێزگا لەنێوێشیاندا رووها، سەمسور و ئەدەنە چڕکراوەتەوە کە دابەش دەبن بەسەر ناوچەکانی بەرهەمهێنانی راستەوخۆ و ناوچەکانی نوێی پشکنین.
لە تورکیا زیاتر لە 2000 بیری نەوت هەیە کە چالاکن و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی تورکیا پلانی وایە تا کۆتایی ئەم ساڵ 146 بیری نەوتی دیکە لێدا کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانی باکووری کوردستانن.
بەرهەمهێنانی نێوخۆیی نەوتی خاو لە تورکیا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە گەیشتووەتە نزیکەی 135 هەزار بەرمیل. هاوکات کۆی بەرهەمهێنانی ساڵانە لە 2025دا 47.9 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە. ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2024 گەشەکردنێکی بە رێژەی 26% نیشان دەدات.
بەپێی داتا فەرمییەکان تورکیا، تاوەکو ساڵی 2025 خاوەنی 507 ملیۆن بەرمیل یەدەگی سەلمێنراوی نەوتە و لەسەر ئاستی جیهاندا لە پلەی 48ـەمین دێت؛ ئەم بڕەش نزیکەی %0.029ـی کۆی یەدەگی نەوتی جیهان پێکدەهێنێت کە بڕەکەی بە 1 تریلیۆن و 765 ملیار و 151 ملیۆن و 568 هەزار بەرمیل دەخەمڵێندرێت.
