رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێ، دەستکەوت لە رێگەی مووشەکەوە بەدەستدەهێنن نەک گفتوگۆ. ئاماژە بەوەش دەکات، براوەی هەر رێککەوتنێک ئەو لایەنەیە کە بۆ شەڕ ئامادەترە.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران، ئەمڕۆ هەینی 29ی ئایاری 2026، لە پەیامێکی سێ خاڵیدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەڵوێستی تارانی سەبارەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ واشنتن دەربڕی.
لە خاڵی یەکەمی پەیامەکەیدا قالیباف نووسیویەتی، "ئێمە دەستکەوت بە گفتوگۆ و دانیشتن وەرناگرین، بەڵکو بە مووشەک بەدەستیان دەهێنین."
سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران لە خاڵی دووەمی پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئاستی متمانەیان بە بەڵێنەکانی ئەمریکا و رایگەیاندووە، "هیچ متمانەیەکی ئەوتۆمان بە گەرەنتییەکان و قسەکان نییە، تەنیا کردەوەکان پێوەرن؛ بۆیە هیچ هەنگاوێک لەلایەن ئێمەوە نانرێ پێش ئەوەی لایەنی بەرامبەر هەنگاوی کردەیی بنێت."
قالیباف لە دوایین خاڵی پەیامەکەیدا دیدگەی تارانی بۆ قۆناخی دوای هەر جۆرە رێککەوتنێک خستووەتەڕوو و نووسیویەتی: " براوەی هەر رێککەوتنێک ئەو لایەنەیە کە لە رۆژی دوای رێککەوتنەکە، خۆی بۆ شەڕ باشتر ئامادە دەکات."
دوێنێ پێنجشەممە چەند بەرپرسێکی ئەمریکی رایانگەیاند، دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی 60 رۆژە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستاندن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام ترەمپ هێشتا رەزامەندیی کۆتایی نەداوە و داوای "چەند رۆژێک"ـی کردووە بۆ بڕیاردان.
.jpg&w=3840&q=75)