رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵی فارس کە لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە نزیکە، لە راپۆرتێکدا وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و قسەکانی لەبارەی نێوەڕۆکی رێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان تاران و واشنتنی بە "شێواندنی راستییەکان" و "نیشاندانی وێنەیەکی پێچەوانە" ناوبرد.
بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی فارس نیووز، ئەو مەرجانەی ترەمپ لە پۆستەکەیدا باسی کردوون، تەنیا "بانگەشەی یەکلایەنەن" و لەگەڵ دۆخی راستەقینەی دانوستاندنەکاندا ناگونجێن.
ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ترەمپ دەیەوێ لە رێگەی "شەڕی دەروونییەوە" وا نیشان بدات ئێران لەژێر گوشاردا هەموو مەرجەکانی ئەمریکای قبووڵ کردووە.
لەبارەی باسی یۆرانیۆمی بەرز پیتێندراو کە ترەمپ بە "تۆزی ئەتۆمی" ناوی دەبات، سەرچاوە ئێرانییەکە ئەو گێڕانەوەیەیان رەتکردەوە و بە "خەیاڵپڵاوی" ناویان بردووە. ئاژانسەکە دەڵێت، ئێران "هەرگیز رێگە نادات" هیچ لایەنێکی بیانی بەو شێوەیەی ترەمپ باسی دەکات دەستکاریی دامەزراوە ستراتیجییەکانی بکات.
سەبارەت بە پرسی دارایی و تەنگەی هورمز، میدیاکەی ئێران باس لەوە دەکات کە تاران بێ هەڵگرتنی گەمارۆ و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکات.
ئاژانسی فارس دەڵێ، قسەکەی ترەمپ کە دەڵێت، "هیچ پارەیەک ناگۆڕدرێتەوە"، تەنیا بۆ رازیکردنی جەماوەری ئەمریکایە و ئێران لەسەر مافە داراییەکانی خۆی سوورە.
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێ، گەیشتن بە هەر جۆرە رێککەوتنێک بەندە بەوەی ئەمریکا دەستبەرداری "داواکارییە زیادەڕۆییەکانی" بێت.
ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە، کەمێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی، دەبێت تاران بە تەواوی دەستبەرداری خەونی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ببێت.
لەبارەی رەوشی تەنگەی هورمز، ترەمپ رایگەیاند، "دەبێت تەنگەی هورمز دەستبەجێ بەڕووی هاتووچۆی کەشتییەکاندا بکرێتەوە، بێ هیچ باج و کۆتوبەندێک؛" ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت ئێران هەموو ئەو مینە دەریاییانەی لە ناوچەکەدا چاندوونی، لاببات یان بیانتەقێنێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا مزگێنی بەو کەشتییانە دا کە بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکاوە گیریان خواردووە و گوتی، "گەمارۆکە لادەبرێ و دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەوە."
سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێندراو، کە ترەمپ بە "تۆزی ئەتۆمی" ناوی بردووە و پێیوایە بەهۆی هێرشی فڕۆکە بی-تووەکانی ئەمریکا لە 11 مانگ لەمەوبەرەوە لەژێر چیا رووخاوەکاندا ماوە، گوتی، "ئەمریکا و چین تاکە وڵاتن کە توانای تەکنیکییان هەیە ئەو پاشماوانە دەربهێنن. ئێمە بە هاوئاهەنگی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئەو مادەیە دەردەهێنین و لەنێوی دەبەین."
ترەمپ باسی لەوە کرد، تاوەکو کاتێکی نادیار هیچ بڕە پارەیەک لەم مامەڵەیەدا ناگۆڕدرێتەوە. پاشان دەڵێت، "لە ژووری کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدەم."
