رووداو دیجیتاڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، وەڵامەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسداران بەڵگەی ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکانیانە و وڵاتەکەی رێگە بە هیچ جۆرە تێکدانێک لە تەنگەی هورمز نادات. کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتیی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئایاری2025، بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوتەریب لەگەڵ هەر جۆرە هەنگاو و هەڕەشەیەک، کاردانەوەی تووند و گونجاوی دەبێت. غەریب ئابادی ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی بەهێزکردنی توانای بەرگریی وڵات بەردەوام دەبێت، چونکە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستیان بە هێز و دەسەڵاتە تاوەکو لە بەرامبەر دوژمناندا بوەستنەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردوو و رایگەیاند: "وەڵامی سوپای پاسداران بەرامبەر سەرکێشیی ئەمریکاییەکان، نیشاندەری ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم جووڵانە، ئێران بەپێی پێویست وەڵامی دیکەی دەبێت." غەریب ئابادی باسی پێگەی ستراتیژیی تەنگەی هورمز کرد و گوتی، سەپاندنی سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا بابەتێکی زۆر سەرەکی و گرینگە، بە هیچ شێوەیەکیش رێگە نادەن دووژمنان بە هەنگاوی سەربازی یان هەڕەشەئامێز، چەق و گرفت لەم رێڕەوەدا دروست بکەن. ئەمڕۆ بەیانی سوپای پاسداران رایگەیاند، دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر خاڵێک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس، ئەو بنکە ئاسمانییەی ئەمریکای کردە ئامانج کە هێرشەکەی لێوە کرابوو.