رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی راگەیاندنی حکومەتی ئێران لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە گەڕانەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی، رەخنە لە میدیای فەرمیی دەنگ و رەنگی ئێران دەگرێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی بووەتە سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر حکومەت و سەرۆککۆمار .
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، ئەنجوومەنی راگەیاندنی حکومەتی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنە لە دەنگ و رەنگ (سەدا و سیما)ی ئێران دەگرێت و دەڵێت، "پاش دەستڕاگەیشتنی گشتی بە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی، تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەنگ و رەنگی ئێران تەنیا بۆچوونی نەیارانی گواستووەتەوە و هەندێک لە شارەزایان و میوانەکانیش ئەم کەشەیان کردووەتە دەرفەتێکی گونجاو بۆ هێرشی سیاسی دژ بە حکومەت و سەرۆککۆمار ."
راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، حکومەت لەبەر شێوازی کارکردنی مەسعود پزیشکیان، خۆی لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم جۆرە روانگانە بەدوور دەگرێت.
ئاژانسی سەدا و سیما (دەنگ و رەنگ)ی ئێران، میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
هەروەها ئاماژە بە لێدوانی پزیشکیان لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی میدیای فەرمی دەکات کە گوتبووی: "هەندێک لە کارناسان لە میدیای فەرمیدا قسەگەلێک دەکەن کە دوورن لە راستییەکانی ئێستای وڵات، بەڵام حکومەت لە پێناو رێگریکردن لە ناکۆکی و پاراستنی ئارامیی کۆمەڵگە، خۆی لە پەرچەکردار بەدوور دەگرێت."
هۆشداری دراوە کە دژایەتیکردنی داواکاریی گشتیی خەڵک و راوەستان لە دژی ئەو ویستەی کە لە راپرسییە باوەڕپێکراوەکانی دامەزراوە حکومییەکاندا (تەنانەت دەنگ و رەنگی ئێران) بە روونی دەبینرێت، هەنگاوێکە نیشانەی نیگەرانییە و لە کرداریشدا دەرفەتدانە بەو کەسانەی کە "خوازیاری دووبەرەکی و دروستکردنی جیاوازین".
لە ئێران ناکۆکی لەسەر بڕیاری گەڕاندنەوەی ئینتەرنێت هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەم راگەیێندراوەی جێگری سەرککۆماری ئێران، دیوانی دادوەریی کارگێڕیی ئێران رایگەیاندووە، فەرمانی راگرتنی جێبەجێکردنی بڕیاری پێکهێنانی "ناوەندی تایبەتی رێکخستن و رێبەریکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وڵات"ی دەرکردووە.
بەهۆی ئەم بڕیارە یاساییەشەوە، ئەم دامەزراوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا روون نییە ئایا گەڕانەوەی ئینتەرنێت بەردەوام دەبێت یان نا.
محەممەدڕەزا عارف، سێشەممە، 26ی ئایاری 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆککۆمار و لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی حکومەتدا، هەنگاوی یەکەم بۆ دەستڕاگەیشتنی ئازاد و یاسایی بە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان نرا.
ئەو بڕیارە نوێیەی حکومەت بۆ کردنەوەی هێڵەکان، پاش 88 رۆژ لە بڕینی بەربڵاوی ئینتەرنێت لە ئێراندا بڵاوکرایەوە. ئەم پچڕانە گشتییە کە بۆ ماوەی زیاتر لە 2هەزار و 93 کاژێر بەردەوام بوو، وەک درێژترین پچڕانی سەرانسەریی ئینتەرنێت لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا تۆمار دەکرێت.
