رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت، بە هەموو تواناوە ژێرخانی بەرگریی وڵاتەکە بەهێز دەکەن و بۆ پڕچەککردنی زیاتری هێزە چەکدارەکانیان، هەنگاو دەنێن. وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ''بە هەموو توانایەکمانەوە هەنگاو دەنێین بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی بەرگریی وڵات.'' وەزارەتی بەرگریی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، ''لە رێگەی پەرەپێدان بە تەکنەلۆژیای ستراتیژی، پڕچەککردنی هەرچی زیاتری هێزە چەکدارەکان و پاراستنی ئاسایش، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بپارێزن''. راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئێران لەکاتێکدایە لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان واشنتن و تاران هەیە و یەکێک لە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆنییە کە وڵاتەکە لە بواری بەرگرییەوە، پشتی پێ دەبەستێت. هاوکات گفتوگۆکانی ئاشتی خەریکە چوارەم مانگ بەڕێ دەکەن و دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا "زۆر باش" بەڕێوەدەچن و پێشبینیی کرد، رەنگە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنێک.