لە پارێزگەکانی عێراق نرخی مریشک بەرزبووەتەوە

31-07-2023
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
گرانبوونی نرخی مریشک لە بازاڕەکانی عێراق
گرانبوونی نرخی مریشک لە بازاڕەکانی عێراق
نیشانەکردن مریشک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی مریشک لە عێراق کە ئێستا نرخی کیلۆیەکی گەیشتووەتە نزیکەی 4000 دینار، شڵەژاوە و بەشێک لە خاوەن پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستانیش نیگەرانن لەوەی ناتوانن وەک ساڵانی رابردوو مریشک هەناردەی شارەکانی عێراق بکەن، بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق ئێستا پشتگیری لە کۆمپانیایەکی نێوخۆیی دەکات.
 
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ئەو مریشکەی بە پێنج ھەزار دینار بوو ئێستا نرخەکەی بەرزبووەتەوە بۆ 8 ھەزار دینار، ئەگەر پەڕوپۆش بکرێت، نرخەکەی دەبێتە 10 ھەزار دینار، واتا لە 7 مانگی رابردوودا نرخی ھەر مریشکێک لە عێراق 3 بۆ 4 ھەزار دیناری هاتووەتە سەر، ئەمە لەکاتێکدا نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2600 دینارە. 
 
لە بازاڕی عەللاوی لە بەغدا، کیلۆی مریشکی زیندوو بە چوار هەزار دینارە، فرۆشیاران گلەییان هەیە و دەڵێن قازانجەکەیان زۆر کەمە.
 
باسم غالب، مریشکفرۆشێکی بازاڕەکەیە و بەمشێوەیە قسە بۆ رووداو دەکات، "ئێستا کارەکانمان وەکو پێشوو نین، چونکە نرخی مریشک بەرزبووەتەوە، ئەو مریشکەی بە هەشت یان نۆ ھەزار دینار دەگاتە دەستمان، ئێمە بە چەند بیفرۆشین! پێویستە مریشک بە پێنج ھەزار بگاتە لامان بۆ ئەوەی بە حەوت یان هەشت ھەزار دینار بیفرۆشین. بەڕەوشێکی خراپدا تێدەپەڕین."
 
مریشکفرۆشێکی دیکە بەناوی مورتەزا زرید دەڵێ "مریشک ئێستا بە حەوت یان هەشت ھەزار دینارە و جاری وا ھەیە دەگاتە 11 ھەزار دینار، ھەموو ھۆکارەکەی دۆلارە، رۆژانە بەرز و نزم دەبێت." 
 
سەرەڕای گلەیی خەڵک و مریشکفرۆشانی عێراق، خاوەن پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستانیش گلەییان هەیە کە پشتیوانی بەغدا لە کۆمپانیایەکی گەورە بەناوی ئیتحاد، بووەتە هۆکاری کەمتر هەناردەکردنی مریشک بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
 
پرسی کۆمپانیای ئیتحاد لەلایەن عەلی مزەفەر، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی عێراق بەم جۆرە وەڵام درایەوە "بێگومان تائێستاش مریشک و ھێلکە تەنانەت مریشکی زیندووش لە ھەرێم (ـی کوردستان)ـەوە دەهێنرێتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق. ئێمە یەک کۆمپانیامان ھەیە ئەویش ئیتحادە، دۆلار بە نرخی فەرمی وەردەگرێت، چونکە ئەو بە کەشتی سۆیا و گەنمەشامی ھاوردە دەکات، زۆربەی بازرگانەکانی دیکە وەستاون، بەڵام ئەوانەی ھێلکە و جوجەڵە دەھێنن، ئەوانە بەبازاڕی ھاوتا دەیفرۆشن." 
 
هەرچەندە بازاڕی پەلەوەری هەرێمی کوردستان بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی پشتی بە بازاڕەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەستووە، بەڵام رکابەرە نوێیەکەی کە کۆمپانیای ئیتحادە، جگە لە دابینکردنی زیاتر لە 10٪ـی پێویستیی بازاڕ بۆ مریشک، بە پشتبەستن بە پشتیوانی حکومەتی عێراق لە پێدانی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار و لێخۆشبوونی گومرگی، سۆیا، رۆن و ئالیکی زۆربەی پەلەوەرخانەکانی عێراق دابین دەکات.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە