رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە 375 ھەزار تۆنەوە بۆ 500 ھەزار تۆن گەنم بەرز کراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 31-05-2023، کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە پلانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەڕێوەچوو کە لیژنەکە پێکهاتوون لە وەزیری کشتوکاڵی عێراق، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، وەزارەتی پلاندانان، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبەغدا.
بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندی و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناڕەزایەتێکی زۆر لە ئەندامانی لیژنە ھەبوو بە بەرزکردنەوەی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەکۆتاییدا توانییان ئەو رێژەیە بەرزبکەنەوە بۆ 500 ھەزار تۆن.
دوای ئەوەی وەرزی دورینەوەی گەنم دەستیپێکرد و بەروبوومی ئەمساڵی گەنم زۆر زیاتر بوو لە چەند ساڵی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 40 ملیار دینار تەرخانکرد بۆ کڕینی گەنمی جووتیاران کە جووتیارانی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ