رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات "بە خێرایی" وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری بکەن و ئەم هەفتەیە دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە بدرێت.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 29-05-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای گفتوگۆی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی لە لیژنەی دارایی، "هەوڵدانی زۆر بۆ ئەوەی بەشێوەیەک ئامادەبکرێت کە بەرژەوەندیی باڵای وڵات بپارێزێت و مافی گەل بەدی بهێنێت"، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن بە خێرایی وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیار بکات و ئەم هەفتەیە دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە بدرێت.
عەتوان عەتوانی کە لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، جەخت لە گرنگی پەلەکردن لە پەسندکردنی یاسای بودجە دەکاتەوە، بە گوتەی خۆی تاوەکو دەستبکرێت بە پلانی گەشەپێدان و ژێرخان و بەردەوامی دان بە چاکسازیی ئابووری و ئەو پرۆژانەی کە ئەولەویەتیان هەیە، بەتایبەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و پشتیوانی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت.
عەتوان عەتوانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "یاساکە گرنگی گەورەی و هەستیاری هەیە و کاریگەری بەسەر لایەنی ئابووری و کارگێڕی و کۆمەڵایەتی هەیە. دەبێت هێزە سیاسییەکان ناکۆکییەکانیان تێپەڕێنن و بە گیانی نیشتمانی کاربکەن بۆ تەواوکردنی ئەو شایستەیە."
پێنجشەممەی رابردوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی کوردستانی لە رەشنووسی بودجەی عێراق کرد و گۆڕی. نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتیان کرد و سوننەکانیش دەنگیان بۆ نەدا. نوێنەرەکەی یەکگرتوو تەنیا دەنگی بە بڕگەی دانەوەی 10٪ی مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران دا، لەبەرامبەر نوێنەری یەکێتی و سەرجەم پەرلەمانتارانی شیعە دەنگیان بەو گۆڕانکارییانە دا.
بەپێی گۆڕانکارییەکە، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە هەر بۆ هەناردەکردن بێت، بەڵکو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی نێوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.



