سیستەمی نوێی مووچە بڕی 130 ملیار دیناری دیکە دەخاتە بازاڕەوە

30-03-2018
کاردۆ کەمال
 ناردنی 130 ملیار دیناری زیادە بۆ نێو بازاڕ، هۆکار دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان
ناردنی 130 ملیار دیناری زیادە بۆ نێو بازاڕ، هۆکار دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان
نیشانەکردن مووچە
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 317 ملیار دیناری بەشێوەیەکی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچەی دا، بەشێوەیەک کە رەوشی ئابووری و دارایی مووچەخۆران باشتربێت.

بەپێی ئامارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە داهاتی فرۆشتنی نەوت، بەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی عێراق مانگانە دەینێرێت و بەو پارەیەی کە ئەمریکا بۆ بەشێک لە پێشمەرگەی تەرخانکردووە، 720 ملیار دیناری دەستدەکەوێت، بەو شێوەیەش 130 ملیار زیاتری لە سیستەمی پێشووی پاشەکەوتی مووچە دەبێت، ئەوەش هانی حکومەتی دا چاو بەسیستمی پاشەکەوتی مووچە بخشێنێتەوە و پاشەکەوت کەمبکاتەوە بۆ رێژەی لە 10% تاوەکو لە 30%.

کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، چونکە دەبێتە هۆکاری زیادبوونی داهاتی تاک کە توانای کڕین لەلای هاونیشتیمانیان زیاد دەکات.

لەگەڵ کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە بڕی 130 ملیار دینار زیاتر دەچێتە بازاڕەوە، کە ئەگەری هەیە رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان بەرزبکاتەوە. شارەزایانی ئابووری پێیانوایە، دەبێت حکومەت چاودێری بازاڕ بکات و نەهێڵێت ئەو پارە زیادەیەی دەچێتە بازاڕەوە نرخی کاڵا و شمەکەکان بەرزبکاتەوە.

محەممەد عەباس، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر دەڵێت، رۆژانە تیمەکانی چاودێری بازرگانی لە بازاڕدان و چاودێری نرخی کاڵا و شمەکەکان دەکەن.

ئەگەر چی ماوەی چوار ساڵە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کورتهێنانێکی زۆریان لە مووچەکانیان هەیە و خەرجییەکانیان بەتەواوەتی بۆ پڕناکرێتەوە، بەڵام دەستکاریکردنی پاشەکەوتی مووچە و ناردنی 130 ملیار دیناری زیادە بۆ نێو بازاڕ، هۆکار دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، بۆیە دەبێت حکومەت بەدەستێک دەستکاریی سیستمی مووچە بکات و بە دەستێکیش کۆنترۆڵی بازاڕەکان بکات تا هاووڵاتییان هێزی کڕینیان لەدەستنەدەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە