شەڕی غەززە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەکدەخات؟

29-01-2024
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان، گەشبینیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە، بەڵام پرشەی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رادیەکی زۆر کاریگەری کردووەتەسەر ئەگەری هەرچەشنە رێککەوتنێکی سێ لایەنە لەو بارەیەوە. خاکی هەرێمی کورستان بووەتە شوێنی پێکدادانی نێوان هێزەکانی ناوچەکە و ئەوەش نادڵنیایی و بێ متمانەیی لەلای کۆمپانیا بیانییەکان، بەتایبەتی کۆمپانیا نەوتییەکان دروستکردووە.
 
هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان وەک فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان و هەروەها ماڵی سەرمایەداران بووەتە هۆکار سێ لایەنی پەیوەست بە نەوتی هەرێمی کوردستان نەتوانن بگەنە خاڵێکی هاوبەش، سەرەڕای ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن دانوستاندنەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.
 
بێبەشکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە لە پشکی دادوەرانەی خۆی وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دوودڵ کردووە کە جڵەوی کەرتی نەوت و گازی خۆیان بە ئاسانی بدەنە دەستی بەغدا. هەفتەی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەری فەرمیی خۆیدا بیروڕای دادوەرێکی بەنێوبانگی بڵاوکردەوە کە دەیسەلمێنێت هەرێمی کوردستان مافی هەیە نەوتی خۆی بەرهەمبهێنێت و کەرتی نەوتی خۆی بەڕێوەببات.
 
دادوەر ستێفن شۆیبڵ کە ئەزموونێکی زۆر بەچاوی دادوەری لە ئاستی نێودەوڵەتی هەیە و پێگەیەکی بەهێزیشی لە سیستمی دادوەریی جیهانیدا هەیە، تەنانەت پێی وایە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق کە لە مانگی 2ـی ساڵی 2022 یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە نایاسایی ناساند، هیچ پێگەیەکی یاسایی نییە. 
 
هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە دادگەکە بە نایاسایی دەزانێت نەگۆڕدراوە و ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر ئەو وتوێژانەی کە دەکرێن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی. دیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت رازی بێت بە یاسایەکی فیدراڵی نەوت و گاز کە مافەکانی لەبەرچاو نەگرێت. ئەمە وادەکات رێککەوتنی سێ لایەنەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان لەسەر هەناردەکردەنەوەی نەوت ئەستەم بێت.
 
بەرپرسانی بە‌غدا دەزانن رازی بوون بە گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان و پێدانی شایستەی دارایی گونجاو بە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر گفتوگۆکانی پەیوەست بە داڕشتن، پێداچوونەوە و پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی. 
 
هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەلایەکی دیکەوە هەڵوێستی کۆمپانیا نەوتییەکانی تووندتر کردووە. کۆمپانیا نەوتییەکان چی دیکە لەپێناو بەرژەوەندیی درێژخایەن دەستبەرداری بەرژەوەندیی کورتخایەن و مافە داراییەکانیان نەبن. ئەو کۆمپانیایانە لە نوێترین راگەیاندن و هەڵوێستەکانیان کە لە ماڵپەڕەکانیان بڵاوبووەتەوە، دووپاتیان کردووەتەوە کە فرۆشتنی ئێستای نەوت لە بازاڕی نێوخۆدا تەنیا بەشی ئەوە دەکات کە بتوانن کارەکانیانی پێ بەڕێ بکەن، ئەگەرنا دوو لەسەر سێی هێزی کاریان بەتایبەت هێزی کاری ناوخۆیان بەڕێکردووە و جەختیش لەوە دەکەنەوە نەیانتوانیوە قەرەبووی وەبەرهێنانی چەند سەد ملیۆن دۆلاری یان ملیار دۆلاری خۆیان بکەنەوە.
 
ناڕوونییەکانی پەیوەست بە چۆنییەتی تەواوبوونی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێشبینی نەکردنی لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکات لەگەڵ ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا یان گۆڕینی ئەرکی ئەو هێزانە بووەنەتە هۆکار بۆ ئەوەی سێ لایەنی پەیوەست بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان لە دانوستاندنەکاندا تووندتر بکەن. هەرێمی کوردستان پرسی مافەکانی خۆی لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی زیندووکردووەتەوە. کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادەنین بە تێچوویەکی مامناوەند دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بەمەبەستی هەناردەکردنەوەی بکەنەوە و حکومەتی فیدراڵیش ئامادە نییە دان بە گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا بنێت، ئامادەش نییە قەرزی کۆنی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن لە ئەستۆ بگرێت. ئەم هۆکارانە، بە ئەگەری زۆرەوە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر دوا دەخات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.