نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 2090 دۆلار نزیکبووەوە

28-12-2023
نیشانەکردن نرخی زێڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەردەوامیی دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕی دووبارە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە.
 
نرخی زێڕ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28-12-2023) نزیکبووەوە لە 2090 دۆلار، بەڵام نەیتوانی ئەو ئاستە تێپەڕێنێت و ئێستا لە نزیکەی 2086 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بۆ ماوەی پێنج رۆژی یەک لەدوای یەکە، نرخی کانزا زەردەکە لە بەرزبوونەوە ناوەستێت.
 
دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دراوە سەرەکییەکان بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەژمار دەکرێت.
 
گەشبینی بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لە ساڵی داهاتووەوە، بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار؛ مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەستیش بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی غەززە لەلایەکی دیکەوە، پاڵپشتیی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 2100 دۆلار هەیە.
 
رۆس کراول، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی بازاڕی زێڕی لەندەن لەو بارەیەوە رایگەیاند "هۆکاری زۆر ئاشکرای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ خواستی وەبەرهێنەر و بازرگانان دەگەڕێتەوە، کە زێڕ وەک سامانێک دەبینن بۆ پاشەکەوتکردن و خۆبەدوورگرتن لە کێشە جیۆسیاسی و ئابوورییەکانی لە چەند ساڵی رابردووەوە پەرەیان سەندووە."
 
رێکخراوی بازاڕی زێڕی لەندەن، سەرەکیترین رێکخراوە کە مامەڵەکانی زێڕ لە بەریتانیا رێکدەخات.
 
بەپێی ئەو رێکخراوە لە سەرەتای ئەمساڵدا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ 1835 دۆلار بووە، بەو پێیەش ئێستا کە لە کۆتایی ساڵ نزیکدەبینەوە، بەهاکەی بەڕێژەی نزیکەی 13٪ بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ؛ نرخی ئەو کاڵا گرانبەهایە هاندەدات بەرەو 2120 دۆلار و 2144 دۆلار بچێت، کە بەرزترین ئاستییەتی لە مێژوودا، بەڵام ئەوەش ئەگەر نرخی زێڕ پاشەکشە بکات، یەکەم ئامانجی دابەزینە بۆ نزیکەی 2060 دۆلار.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە