راوێژکاری بانکە تایبەتەکانی عێراق: لە ماوەیەکی کورتدا 100 دۆلار دەبێتە 144,000 دینار

دوێنێ کاژێر 05:34
هێمن عەساف
دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی.
دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری بانکە تایبەتەکانی عێراق دەڵێت، چاکسازییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق یارمەتیدەر دەبن بۆ سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا یەک دۆلار بە 1440-1460 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەوەش واتە 100 دۆلار لەنێوان 144 بۆ 146 هەزار دینار دا دەبێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، لە نووسینگەکانی ئاڵووگۆڕی دراو، 100 دۆلار بە 149 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. 
 
سەمیر نوسەیری، راوێژکاری بانکە تایبەتەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی تەممووزی 2024 میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو و لەبارەی ناسەقامگیریی دینار بەرامبەر دۆلار گفتوگۆی لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح کرد.
 
سەمیر نوسەیری رایگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق کۆمەڵێک چاکسازی دەستپێکردووە: "هاووڵاتییان دڵنیا دەکەمەوە کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەنێوان 1440-1460 دینار بۆ هەر دۆلارێک دەبێت، ئەوەش بەهۆی چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکانەوە". 
 
نوسەیری پێیوایە، ناسەقامگیریی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر سەقامگیری دارایی؛ "لە 19-12-2020 بڕیاردرا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بگۆڕدرێت و لەو کاتەوە ناسەقامگیری باڵی بەسەر بازاڕدا کێشاوە". 
 
راوێژکاری بانکە تایبەتەکانی عێراق گوتیشی: "پێم وایە ئەم ناسەقامگیرییە تاوەکو تەواوکردنی سیاسەتی دارایی حکومەت و سیاسەتی بانکی ناوەندی لە بابەتی نەختینە و سیستمی بانکیدا بەردەوام دەبێت. حکومەت هەوڵ دەدات چاکسازی لە بواری داراییدا بکات و بۆ ئەوەش کارنامەکەی ئامادە کردووە کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی سەقامگیری ئابوورییە. ئەگەر ئەو چاکسازییانە بکرێن، ناسەقامگیرییەکە کۆتایی دێت". 
 
سەمیر نوسەیری رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023دا حکومەت و بانکی ناوەندی دەستیان بە چاکسازی کرد و ئەوانیش بە دوو ئاراستە بوون. ئاراستەی یەکەم لە لایەن بانکی ناوەندییەوە بوو و ئاراستەی دووەمیش لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە. 
 
راوێژکاری بانکە تایبەتەکانی عێراق رایگەیاند: "بانکی ناوەندی دەستی بە دانوستاندن لەگەڵ بانکی فیدراڵیی ئەمریکی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکە نێودەوڵەتییەکان لە چین، ئیمارات، تورکیا و هیندستان کرد بۆ ئەوەی میکانیزمێکی نوێ بۆ بازرگانی دەرەکی بدۆزرێتەوە."
 
ئەم سیاسەتە وەکو خۆی دەڵێت، پشت بە سیاسەتی دۆزینەوەی بانکە نێوەندگیرەکان دەبەستێت بۆ ئەوەی حەواڵە راستەوخۆ لەگەڵ بانکەکانی عێراق بکرێت؛ "هیچ بانکێک ئامادە نییە ئەو کارە بکات ئەگەر بانکە عێراقییەکان شەفاف نەبن و پابەندی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان نەبن لە خستنەڕووی بودجەی ساڵانە، داتا و حەواڵە دەرەکییە تایبەتەکان و ستاندەردە نێودەوڵەتییەکان". 
 
سەمیر نوسەیری باس لەوە دەکات، بانکی ناوەندیی عێراق نزیکەی 20 بانکی نێوەندگیری دیاریکرد و 40 هەژماری فەرمیی کردەوە و هەژمارەکانیش لەژێر چاودێریی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندییدان.
 
دەشڵێت: "بۆمان دەرکەوت لە بەشێکی حەواڵە دەرەکییەکاندا دۆلارە ئەمریکییەکە ناگاتە سوودمەندە سەرەکییەکە. ئیدی گومان لە مامەڵەکە کرا و بەو هۆیەوە بڕیاردا چاودێریی وردتر بخرێتە سەر جووڵەی دۆلاری ئەمریکی، بۆیە دواجار پارێزگاری بانکی ناوەندی لە دوایین سەردانی بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا رێککەوت بۆ دەستنیشانکردنی چەند بانکێکی دیکەی نێوەندگیر. ئەم جۆرە رێکارانە هاوکار دەبن بۆ ئەوەی سەقامگیری لەنێوان بەهای دینار و دۆلار بەدەستبێت". 
 
راوێژکارەکەی بانکە تایبەتەکانی عێراق رایگەیاند، لە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا لە نیسانی ئەم ساڵدا "رێککەوتن کرا بۆ ئەوەی ئەمریکا چاو بە بڕیارەکانییدا بخشێنێتەوە لەبارەی ئەو سزایانەی بەسەر بانکە تایبەتییەکانی عێراقدا سەپاندوونی."
 
سزاکان 32٪ی مامەڵە بازرگانییەکان و نیوەی چالاکییە بانکییەکانی عێراق پێکدەهێنن. 
 
نوسەیری دەڵێت، لەو سەردانەدا بڕیاردرا سەیری حەواڵەکە لە ساڵی 2022دا بکرێت، "چونکە گومانەکان لە چالاکییەکانی ئەو ساڵەدا بوون. کێشە لە حەواڵە و چالاکییە بانکییەکانی 2023 و 2024دا نەبوو. رێککەوتن کرا ئەو چاخشاندنەوەیە بکرێت بۆ ئەوەی سزاکان کۆتاییان بێت. بەوەش هاوسەنگی بۆ کەرتی بانکیمان دەگەڕێتەوە و ئەو کارە بە ئەرێنی لە بەرژەوەندی ئابووریی عێراق دەشکێتەوە". 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە بەسرە.

هەناردەی نەوتی عێراق کەمیکردەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، مانگی رابردوو زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو بڕەی هەناردەی ئوردن کراوە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل بووە.