یەکێتیی خانەنشینان: پێشبینی دەکەین مانگی داهاتوو مووچەی خانەنشینان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵێک لەمپەر و ئاستەنگ لەبەردەم هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق هەن، لیژنەیەک سەرقاڵی رێکخستنیانە. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنیشنان دەڵێت، پێشبینی دەکەن مووچەی مانگی هەشت بەهاوتاکراوی بگاتە هەرێمی کوردستان.
 
لە عێراق مووچەی خانەنشینان بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014 دەدرێت. هەرچەندە لە 21ـی تەمموزەوە لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە هاوتاکراوی و بەپێی ئەو یاسایە رادەستی حکومەتی عێراق کراوە، بەڵام بە فەرمی دیار نییە کە مووچەکە هاوتا دەکرێت. 
 
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی شەش جۆر یاسا و بڕیار مووچەی خانەنشیان دابەش دەکرێت، بەغدا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، دەیەوێت ئەوانەش هەموویان بەگوێرەی یاسای خانەنشینی عێراق مووچەکەیان وەربگرن." 
 
لە هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینی بەڕێوەبەری گشتیی، وەزیرەکان، بریکارەکانی وەزیر، پەرلەمانتاران، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بە گوێرەی یاسا و بڕیاری جیا دەدرێن. 
 
سادق عوسمان دەڵێت "لە بەغدا پەرلەمانتار بە چوار ساڵی پەرلەمانتاریی خانەنشین نابێت و دەبێت بەگوێرەی یاسا و خزمەتی پێشتری، خانەنشین بکرێت، ئەگەرنا دوای پەرلەمانتاری رەوانەی شوێنی پێشووی دەکریتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پەرلەمانتار هەیە خزمەتی نییە و، 50 رۆژ پەرلەمانتار بووە خانەنشین کراوە. ئەمانە دەبێت رێکبخرێنەوە." 
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
 
سادق عوسمان گوتی "تاوەکو ئێستا ئەو کەس و دەستڕۆشتووانەی لەو بڕیارە زیانمەندی دارایی دەبن، رێگەیان نەداوە یاساکە لێرە جێبەجێ بکرێت." 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا بەغدا داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە پارەی سندووقی خانەنشینیان رادەستبکات، بەڵام سندووقەکە پارەی تێدا نییە. 
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "ئەوە نابێتە لەمپەر لەبەردەم هاوتاکردنی مووچە، چونکە دادگەی فیدراڵیی بڕیاری لەسەر داوە و مووچەی ئێمەی لە هەموو بابەتێک دوورخستووەتەوە."
 
بۆ یەکخستنی مووچەی خانەنشینان، لە کۆتایی حوزەیرانەوە لیژنەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێندراوە و، دەبێت لە دوو مانگدا کارەکانیان تەواو بکەن و دوای ئەوە یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینان بۆ هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.
 
لەبارەی کاتی هاوتاکردنی مووچەشەوە سادق عوسمان گوتی "پێشبینی دەکەین مووچەی مانگی ئابی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بێت."
 
ئێستا کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە. سادق عوسمان دەڵێت، یاساکە جێبەجێ بکرێت، کەمترینی دەبێتە 500 هەزار دینار، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە و بەگشتی دەبێتە 600 هەزار دینار.
 
جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینارە. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی بڕوانامە گۆڕانکاری بەسەر ئەو مووچەیەدا دێت و، "لانیکەم دەبێتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار، بەشێکیشیان دەبێتە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار." 
 
21ـی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لیستی مووچەی مانگی تەممووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لەلایەن تیمی هونەریی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. لیستی مووچەی خانەنشینانیش بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو رەوانە کراوە."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە