حکومەتی عێراق 294 ملیار دیناری دیکە بۆ هەڵبژاردن تەرخان دەکات

28-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق بڕی (294.370)ملیار دیناری دیکەی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەرخان کرد. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات. 
 
ئەم بڕە پارەیە دەخرێتە نێو خشتەی بودجەی گشتیی فیدراڵی ساڵی 2025 و بەوەش کۆی پارەی تەرخانکراو بۆ هەڵبژاردن دەبێتە (398.600) ملیار دینار. 
 
ئەم بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 28-01-2025، لە چوارەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەم ساڵی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکرا کە بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشوازی لەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین". گوتیشی "ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکراوە، بەشی تێچووی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەکات".
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. 
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و پەرلەمانی عێراق ماوەی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیان بۆ دوو ساڵی دیکە درێژکردووەتەوە.
 
جگە لە تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دیکەشی دا، دیارترینیان بریتین لە:
 
- هەموارکردنی یەکەمی پڕۆژەیاسای یاسای دیوانی وەقفی سوننە و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان.
 
- ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک کە کارەکانی دیوانی بیمە بە بانکی ناوەندی عێراقەوە ببەستێتەوە.
 
- پەسندکردنی سیستمی رێکخستنی بازرگانی ئەلیکترۆنی لە عێراق.
 
- رەزامەندی لەسەر گرێبەستی وەزارەتی گواستنەوە لەگەڵ دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی IFC بۆ ئامادەکردنی نامیلکەی وەبەرهێنان بۆ بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکانی (بەسرە، موسڵ، زیقار و نەجەف) بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە