رووداو دیجیتاڵ
لە مانگى ئایارى رابردوودا وەزارەتى نەوت زیاتر لە 104 ملیۆن بەرمیل نەوتى لە کێڵگەکانى ناوەڕاست و باشوورەوە هەناردە کردووە و هیچ بڕە نەوتێک لە کەرکووک و هەناردە نەکراوە.
وەزارەتى نەوتى عێراق ئامارى هەناردەى نەوتى بۆ مانگى ئایارى رابردووى بڵاوکردەوە، لەو مانگەدا 104 ملیۆن و 130 هەزار و 292 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى ئەو وەزارەتە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ى حوزەیران بڵاویکردووەتەوە، سەرجەم ئەو بڕە نەوتەى کە لە مانگى ئایار هەناردە کراوە، لە کێڵگەکانى نێوەڕاست و باشوور بووە.
بەر لە مانگى ئایار، جگە لە کێڵگەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق، نەوت لە کێڵگەى گەیارەى نەینەوا و کێڵگەکانى کەرکووکەوە هەرنادە دەکرا، بەڵام بۆ مانگى ئایار لە هیچ کام لەو دوو سەرچاوەیەوە نەوت هەناردە نەکراوە.
سەرچاوەیەکى بەرپرسی لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "هەناردەى نەوت لە کەرکووک و نەینەواوە راگیراوە".
لە مانگى نیسانى رابردوو، عێراق 100 ملیۆن و 921 هەزار و 250 بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیلی لە کێڵگەى گەیارە و 448 هەزار و 606 بەرمیلى لە کەرکووکەوە هەناردە کراوە.
سەرچاوەکەى کۆمپانیاى نەوتى باکوورگوتى: "هەناردەى نەوتى گەیارە بەهۆى کوالێتیی نەوتەکەی و زۆرى تێچووەکەیەوە راگیراوە، ئەوەى کەرکووکیش بەهۆى نوێنەکردنەوەى گرێبەستى فرۆشتنى بووە بە ئوردن".
بەگوێرەى ئەو رێککەوتنە، مانگانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بە تەنکەر هەناردەى ئوردن دەکرا، کە نرخەکەى نزیکەى 14 دۆلارى لە نرخى ئاسایی نەوت کەمتر بوو، بەو مەرجەى تێچووى گواستنەوەى لەسەر هاوردەکارەکە بێت.
لە ماوەى چوار مانگى سەرەتای ئەم ساڵدا لە کێڵگەى گەیارە لە نەینەوا سێ ملیۆن و 978 هەزار و 586 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، لە کەرکووکیشەوە هەمان ماوەدا یەک ملیۆن و 377 هەزار و 924 بەرمیل هەناردەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ