دووەمین "کۆڕبەندی پشتێنە و رێگە بۆ هاوئاهەنگییە نێودەوڵەتییەکان" لە 25ی نیسان لە پەکین دەستیپێکرد و تاوەکو 27ی مانگ بەردەوامبوو. نزیکەی 5 هەزار میوانی بیانی لە زیاتر لە 150 وڵات و 90 رێکخراوی نێودەوڵەتی لە کۆڕبەندەکەدا ئامادەبوون. لە ناو ئامادەبوواندا زیاتر لە 37 سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حکومەت، زیاتر لە 360 بەرپرس لە ئاستی وەزیر، زیاتر لە 100 سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی و زیاتر لە 4100 رۆژنامەنووسی دامەزراوەی میدیایی چین و دەرەکی بەشداربوون. نوێنەرە بیانییەکان لە بوارە جیاوازەکانی هەر پێنج کیشوەرەکەوە بوون، لەوانەش حکومەت، رێکخراوە ناحکومییەکان، کۆمەڵگە ئابوورییەکان، دامەزراوە ئەکادیمییەکان و کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. وەڵامی ئەرێنی هەموو لایەنەکان ئەوە دەردەخات کە "پشتێنە و رێگە" شوێنی خۆی دەگرێت و سوودی بۆ هەموو لایەکیش هەیە.
"دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" دەستپێشخەرییەکی گرنگە بۆ هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی کە لەلایەن سەرۆک "شی"ەوە پێشنیازکرا، ئەوەش بە مەبەستی پەرەدان بە بەرەوپێشبردنی چین و هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان. لەکاتی دەستپێکردنییەوە، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" پاڵپشتی بەهێز و پشتگیریی گەرمی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.
تاوەکو ئێستا، 126 وڵات دۆکیومێنتی هاوئاهەنگیی "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" یان لەگەڵ چین واژۆکردووە، لەوانەش عێراق و 29 رێکخراوی نێودەوڵەتی.
لە هەمانکاتدا، دیدگەی "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" لە دۆکیومێنتەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا دانراوە، لەوانەش نەتەوەیەکگرتووەکان، جی بیست، هاوئاهەنگی ئابووری ئاسیا- وڵاتانی سەر زەریای هێمن، رێکخراوی هاریکاری شانگهای. لەڕاستیدا، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" سەلماندوویەتی کە بابەتێکی باو و شیاوە و لەگەڵ رەوتی ئێستامان دەڕوات و وەڵامە بۆ ویستی هاوبەشی وڵاتان بۆ پێشکەوتن لەرێگەی هاریکارییەکەوە کە بۆ هەموولایەک سوودی هەبێت.
بە ئاوڕدانەوەیەک لە هەوڵەکانی چەند ساڵی رابردوو، دەزانین کە "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" رۆڵێکی ئەرێنی لەم سێ بوارەدا گێڕاوە. یەکەم، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" دەرگایەکی نوێی تایبەت بە هاریکاریی نێودەوڵەتی کردەوە و متمانەی بەو هاریکارییەش زیاترکرد.
جیهانی ئێستا لە گۆڕانێکی قوڵی وەهادایە کە لە ماوەی سەدەیەکدا وێنەی نەبووە. سیاسەتەکانی تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتان و هەنگاوە تاکلایەنەکان لەزیادبووندان و نەبوونی دڵنیایی و فاکتەرەکانی نەبوونی سەقامگیریش زیادیانکردووە.
هەروەک چۆن سەرۆک "شی" جەختی لەسەر کردەوە، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" هەنگاوێکی گرنگە کە چین دەینێت بۆ ئەوەی لەم بارودۆخە نوێیانەدا بە تەواوی خۆی بەڕووی جیهاندا بکاتەوە و پابەندبوونی خۆیشی بە هاوبەشیکردنی دەرفەتەکانی پێشکەوتن و ئەنجامەکانی ئەو هەنگاوانە لەگەڵ وڵاتی زیاتری جیهان دووپات بکاتەوە.
رێگەپیشاندەری "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" بریتییە لە بنەمای راوێژکردن و هاوئاهەنگیکردن بۆ سوودی هاوبەش. لەوەش زیاتر، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" رێبازێکە بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی، کە تیایدا بایەخ دەدات بە رێزگرتنی هاوبەش، دادپەروەری، بێلایەنی، هاوکاری بەجۆرێک کە ئەنجامەکەی بۆ هەموو لایەنەکان بە براوە دابندرێت. دواتر، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" پابەندبوونێکە بۆ پێکەوەکارکردنی وڵاتان و ئابوورییەکی جیهانیی کراوە. لەسەر ئەو بنچینەیەش، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" یارمەتیدەری بەجیهانیبوونی ئابوورییە بە ئاراستەی کراوەیی گەورەتر، تایبەتمەندییەتی، هاوسەنگی و ئەو ئەنجامانەی کە هەموولا تیایاندا براوەبێت.
دووەم، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" هێز و دەرفەت بە گەشەی جیهانی دەدات. لە دەستپێکی قەیرانی ئابووریی جیهانییەوە لە ساڵی 2008دا، دروستکردنی هێزی نوێی گەشە و سووڕێکی نوێی گەشەی جیهانی بووەتە ئەركێکی سەرەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" مەبەستییەتی کار لەسەر پرسی سەرەکی پەرەسەندن بکات بەبەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا. پڕۆژەکە یارمەتی وڵاتانی بەشداربووی داوە بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتن و جێبەجێکردنی "ئەجێندای 2030ی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گەشەی بەردەوام". هەربۆیە ئەم دەستپێشخەرییە بووەتە رێگەیەکی گرنگ بۆ پەرەدان بە گەشەی جیهانی. دوایین ئامارەکانی بانکی جیهانی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە پێشنیازی ئەوە دەکەن کە هاریکاری "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" خەرجی بازرگانی جیهان بە رێژەی 1.1 تاوەکو 2.2 کەمدەکاتەوە و خەرجی بازرگانی نێوان چین و ئاسیای ناوەڕاست و چین و رێڕەوی ئابووری ئاسیای رۆژئاوا بەڕێژەی 10.2 کەمدەکاتەوە. لەوەش زیاتر، پڕۆژەکە یارمەتیدەری گەشەی جیهانیی دەبێت لە ساڵی 2019دا بەلایەنیکەم بەرێژەی لە سەدا 0.1.
سێیەم، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" پلاتفۆرمێکی دیکە و دەرفەتی نوێ دەبێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی بەهێزتر لەنێوان وڵاتاندا. بە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" پەیوەندییە ئابوورییەکان و ئاڵوگۆڕە دوولایەنەکانی بەهێزترکردووە و ئەوەش واتای ئەوەیە، لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی هاوبەش لەیەکدی نزیکی کردونەتەوە.
بەشێوەیەکی سرووشتی، ئەمە یەکدەنگییەکی گشتگیر دروستدەکات، هاریکاری بەهێزدەکات و دواجاریش گەشە بۆ هەموولایەک زیاد دەکات. هەروەک چۆن سەرۆک "شی" ئاماژەی پێدا، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" مەبەستییەتی کە دوورکەوتنەوە لە نێوان شارستانییەتە جیاوازەکان بە ئاڵوگۆڕی نێوانیان و پێکدادانەکان بە فێربوونی هاوبەش و هەستی باڵادەستی بە پێکەوەژیان بگۆڕێت.
پڕۆژەکە مەبەستیەتی تێگەیشتن و رێز و متمانەی هاوبەش لە نێوان وڵاتە جیاوازەکاندا دروست بکات. هەربۆیە، "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" رێگەیەکی دڵنیایە بەئاراستەی ئاشتی و هاریکاری بەجۆرێک کە ئەنجامەکەی لەبەرژەوەندی هەموولایەکدا بێت.
"دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" دەستپێشخەرییەکە بۆ هاریکاری ئابووری کە پاڵپشتی لە پێشکەوتنی گشتی دەکات. تەواوی لایەنە بەشدارەکان هاوبەشی یەکسانن و هەموویان لە دەستپێشخەرییەکەدا بەشداربوون و سوودیشیان لێ بینیووە".
دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە کراوەیە، گشتگیر و روونە، هیچ ئەجێندایەکی جیۆپۆلەتیکی شاراوەی نییە، ئامانج لێی دروستکردنی بازنەیەکی تایبەت یان سەپاندنی بەندی بازرگانی جیاکاری بەسەر ئەوانی دیکەدا نییە. "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" ئەنجامی باشی هەبووە، لە گەشەی بواری ئابووری و باشترکردنی ژیانی خەڵک لە وڵاتە بەشدارەکانیدا.
لەرێگەی پرۆژەی هاریکاری " پشتێنە و رێگە"ەوە، ئێستا هەندێک وڵات یەکەمین رێگەی دووسایدی خێرا یان هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەری نوێیان هەیە. هەندێک وڵاتی دیکەش پیشەسازی ئۆتۆمبێلی خۆیان پەرەپێداوە و کێشەی ماوەدرێژەی بڕینی کارەباش لە هەندێک وڵاتی دیکە کۆتاییهاتووە. ئەو 82 پڕۆژە ئابوورییەی لەلایەن چین و وڵاتانی بەشداربووی دیکەوە دروستکراون، بوونەتەهۆی بەدەستهێنانی زیاتر لە 2 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە داهاتی باج و نزیکەی 300 هەزار دەرفەتی کار بۆ وڵاتانی خانەخوێ.
تەواوی ئەم چیرۆکە سەرکەوتووانە ئەوە دەردەخەن کە "دەستپێشخەری پشتێنە و رێگە" دەرفەتی باشی رەخساندووە بۆ تەواوی لایەنە بەشداربووەکان بۆئەوەی پێکەوە وەڵامی ئاستەنگە جیهانییەکان بدەنەوە، گەشەی جیهانی ببەنە ئاستێکی باڵاتر و خۆشگوزەرانی بەدەستبهێنن، ئەوەش لەرێگەی پەیوەندی زیاترەوە. بەڵام ئەمە تەنیا دەستپێکە و شتی زۆر زیاتر هەیە کە لە رێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە دەتوانین بەدەستی بهێنین. چین بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی دیکە بۆ دروستکردنی دەرفەتی زیاتر و بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر.
پەیوەندی دۆستانەی نێوان چین و هەرێمی کوردستان دوورودرێژ و بەهێزن. زوو رێگەی ئاوریشمی کۆن هەردوولای پێکەوە بەستبووەوە. چین گرنگییەکی زۆر بە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات و ئامادەیشە بە بنەمای رێزگرتنی هاوبەشەوە پابەندبێت و پێکەوەش بەدڵسۆزی مامەڵە بکەن و هاریکاری پراگماتیکییان بەهێزبکەن و ئاڵوگۆڕە دوولایەنەکان زیاتر بکەن و کاریش بکەن بۆئەوەی پەیوەندییە هاریکارییە دۆستانەکانی نێوانیان بگاتە ئاستێکی نوێ.
نی رووچی کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین لە هەولێر
وەرگێڕانی: عەلی زەڵمی


