رووداو - هەولێر
ساڵ لە دوای ساڵ پارەی زۆرتر دێتە هەرێمی كوردستان، كەچی بودجەی حكومەت و گیرفانی دانیشتوانەكەی بەشێوەیەكی بەردەوام كورتدێنن.
بەپێی راپۆرتەكانی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق، داهاتی ساڵانەی تاكەكەس لە هەرێمی كوردستان 354 دۆلارە و لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا 207.8 دۆلارە، واتە داهاتی هەر هاووڵاتییەكی كوردستان ئەوەندە و نیوێكی تاكە كەسە لە عێراق، بەڵام لەوكاتەی حكومەتی عێراق چەند رۆژێك ناردنی مووچە دوادەخات، هاوارێكی گەورەو هەژارییەكی بەربڵاو میدیای كوردی دادەپۆشێت.
پێشمەرگەیەك، ئەڵقەی هاوسەرگیری خۆی دەفرۆشێت، هەزاران كەس قیستی كەرەستەی ماڵ و ئۆتۆمبیلیان پێنادرێت، مامۆستاكان هەڕەشەی چۆڵكردنی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن، فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا ماندەگرن، سەدان كەس لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان باسی ئەوە دەكەن كە ناتوانن نان بكڕن بۆ منداڵەكانیان و كرێی خانووەكانیان بدەن.
ساڵی 2004 بودجەی هەرێمی كوردستان نەدەگەیشتە 3 ملیار دۆلار، بەڵام لەساڵی 2013 زیاتر بوو لە 13 ملیار دۆلار، ئەو جیاوازییە گەورەیەش، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییەكی زۆری دروستكردووە بەراورد بە شارەكانی دیكەی عێراق.
خۆشگوزەرانی و ئاسان دەسكەوتنی پارە، هەزاران خەڵك و كۆمپانیای هێنایە هەرێمی كوردستان. هەرێمی كوردستان لەنێوان ساڵانی 1992 - 2013 پێشكەوتنێكی ئەوەندە گەورەی بەخۆوە بینیوە، ئەگەر لە دەرەوەی ئەو وێنەیە سەیری جیاوازییەكان بكەیت، بڕوا ناكەیت.
بەپێی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 1992 رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 50% بوو، بەڵام تا ساڵی 2013 ئەو رێژەیە كەمكرایەوە بۆ 3.8%، ئەو جیاوازییەش لە ئاوەدانی گوندەكان، دروستكردنی تاوەری بەرز، كارگەی گەورە، تەندروستی باش، پێشكەوتنی خوێندەواری، دەرفەتی كار، تەمەندێژی و پۆشتەیی ماڵ و جلوبەرگ، داهاتی بەرز، ئۆتۆمبێلی جوان و تەكنۆلۆجیای پێشكەوتوودا دەبینرێت و ئەگەر خەڵك و حكومەت سیاسەتی باش خەرجكردنی داهاتەكانیان پەیڕەو بكردایە، ئێستا كوردستان زۆر ئاوەدانتر و خۆشگوزەرانتر دەبوو.
كورتهێنانی بودجەی حكومەت و گیرفانی خەڵك، بەشێكە لە كەلتووری لێنەزانی لە خەرجییەكان، بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئاماری عێراق، خەرجی تاكەكەس لە هەرێمی كوردستاندا زیاترە لە هەموو پارێزگاكانی عێراق و جگە لەوەش خەرجییەكان زیاترە لە داهاتەكان.
ساڵی 2013 خەرجی تاكەكەس لە هەرێمی كوردستان 434.6 دۆلار بووە، ئەوە لەكاتێكدایە داهات 354 دۆلارە، واتە هەر كەسێك لە بودجەی ساڵانەیدا 80 دۆلار كورتی هێناوە، ئەوەی چەند رۆژێك مووچە دوادەكەوێت و سەدان كەس پارەی نانخواردن و كرێی خانوویان پێ نامێنێت، بەڵگەی ئەو زیادە خەرجییەیە.
داهاتی تاكەكەس لە عێراقدا 200.3 دۆلارە و خەرجیەكانیش 207.8، واتە كورتهێنان لە بودجەی تاكەكەس لە عێراقدا تەنیا 7 دۆلارە لە ساڵێكدا، بەوەش دەردەكەوێت كە ئەو بەدخەرجییەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، لە عێراق لە نزمترین ئاستدایە.
لەو كاتەی بانكەكانی هەرێمی كوردستان خاڵی دەبنەوە "وەك دەگوترێت"، پاشەكەوتی حكومەتی عێراق 87.5 ملیار دۆلارە، ئەوەش نیشانەی جیاوازی دنیابینی عەرەب و كوردە لە عێراقدا بۆ دەوڵەتداری. وادەردەكەوێت عێراق چاوی لە دواڕۆژێكی دوورە و هەرێمی كوردستانیش ئەم مانگ دەداتە دەم ئەو مانگ و لەسەر ئاستی تاكەكەسیش هاووڵاتیان هەڵگری هەمان دنیابینین.
زیادەڕۆیی لە خەرجیی تەرفیهی، یەكێكە لە كێشە هاوبەشەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی. بەپێی ئامارەكان هاووڵاتیانی كوردستان 12.2%ی داهاتی ساڵانەیان بۆ خەرجییە تەرفیهیەكان تەرخان دەكەن و لەو خەرجییەشدا دهۆك لە پلەی یەكەمدایە بە رێژەی 13.5%ی داهاتی ساڵانەی تاكەكەس.
ئەگەرچی ئامارێكی ورد و باوەڕپێكراوی خەرجییە تەرفیهیەكانی حكومەتی لەبەردەست نییە، بەڵام دیارە حكومەت زۆر لە هاووڵاتیان زیاتر بەدخەرجییە لەو بوارەدا، هۆكاری ئەوەش نەبوونی كەلتوور و ئەزموونی حكومەتداری و سیاسەتی پاشەكەوتكردن و پشتبەستنە بە بەغدا.
بەپێی بنەماكانی بانكی نێودەوڵەتی، هاووڵاتیانی هەر وڵاتێك ئەگەر كەمتر لە 33%ی داهاتی ساڵانەیان بۆ دابینكردنی خۆراك تەرخان بكەن، ئەوە خەڵكانێكی خۆشگوزەرانن. بەپێی ئامارەكانیش هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی خۆشگوزەرانە، چونكە 29.6%ی داهاتەكانیان بۆ دابینكردنی خواردن "بەهەموو جۆرەكانییەوە" تەرخان دەكەن، بەڵام لەو وڵاتانەی كە هەژاری رووبەڕوویان بووەتەوە 60-80%ی داهاتی ساڵانە بۆ دەستەبەركردنی خۆراك تەرخان دەكرێت.
هەرێمی كوردستان لەساڵی 1992-1997 زیاتر لە 75%ی داهاتی تەنیا بۆ دابینكردنی خۆراك بووە، ئەو خۆشگوزەرانییەی ئێستا لەو چەند ساڵە كەمەدا حكومەت و خەڵكی مەست كردووە، مەست لە ئاستی واقعی سیاسی و ئابووری و پێگەو ماف و رۆڵی كورد لە عێراقدا.
دواخستنی و مووچەو كێشەی بودجە، دەبێت حكومەت و خەڵك لە خەوی زیادەڕۆیی لە رەفاهیەت و زیادەی خەرجی لە داهات بەخەبەر بێنێتەوە، چونكە واقیعی عێراق هی ئەو خەوە خۆشە نییە.



.jpg&w=3840&q=75)