100 دۆلار بۆ کەمتر لە 149 هەزار دینار دابەزی

26-08-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووە. ئاڵوگۆڕکارێکی دراو دەڵێت: بەهۆی گەشبینییەوەیە بە سەردانی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەمریکا.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ، 100 دۆلار بە 148 هەزار و 950 دینار بووە. لەکاتی کردنەوەدا بەیانیی ئەمڕۆ بە 149 هەزار و 200 دینار بووە.
 
لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێریش ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستندا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 100 دینار بووە. لە کاتی کردنەوەی بازاڕیشدا بە 149 هەزار و 350 دینار بووە.
 
رۆژی دووشەممە 19-08-2024، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کۆتایی ئەم مانگە سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی فیدراڵی و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. 
 
حەواڵەی دەرەکی و سزادانی هەندێک لە بانکەکانی عێراق و چەند بابەتی دیکە، دیارترین ئەو پرسانە دەبن، کە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
 
رەوەز میرزا دەڵێت، ئەمە گەشبینییەکی رێژەیی دروستکردووە و کاریگەرییەکی تاڕادەیەک ئەرێنیی لەسەر بەهای دینار داناوە.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار لە رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردووەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە